پەلاماری بەهاوەنی حەشدی شەعبی بۆسەر بنکەکانی داعش لە سوریا
هێزی حەشدی شەعبی ئێراق شوێنی کۆبوونەوەی پاشماوەی تاقمی تیرۆریستی داعشی لەنێو خاکی سوریا داوەتە بەر پەلامار .
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیونی مەیادین، حەشدی شەعبی ڕایگەیاند : دوای وەرگرتنی زانیاری ورد و دەقیقی سەربازی، حەشارگەی ئەندامانی داعش لەسەر گوندی عەتشانە لە ناوچەکانی سنوری لەگەڵ سوریا کەوتە بەر پەلامار کە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی ژومارێکی زۆر لە تیرۆریستان.
مەحموود مەرزی جەمیلی ، فەرماندەی یەکەی یەکەمی حەشدی شەعبی لە پارێزگەی ئەنباریش باسی دەستپێکرانی ئۆپراسیۆنی هێزی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی شاری فەلووجەی کرد بەمەبەستی گرتنی ئەندامانی بەجێماوە و هەڵاتووی تاقمی تیرۆریستیی داعش .
هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی بەغدا لە بەیاننامەیەک دا باسی گیرانی هۆکارانی پەلاماری تیرۆریستی ڕۆژاوای ئەم شارەی کرد و وتی : هێزی ئاسایشی بە هاوکاری ئیدارەی ئیتلاعات توانیان تیرۆریستان لە ناوچەیەک لە گەڕەکی خەزرا لە ڕۆژاوای بەغدا بگرن و ماددەی تەقەمەنی ئەوان زەوت بکەن .
سەرباری شکستی تاقمی تیرۆریستیی داعش لە ئێراق، هێشتا ژومارێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە تیرۆریستییە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە دان و بەشێوەی پڕژ و بڵاو دەست دەدەنە کاری تیرۆریستی .
تاقمی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014ەوە بە پێی داکۆکیی ماڵی و سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی و عەرەبی ئەم وڵاتە لەوان عەرەبستان بە پەلامار کردنەسەر ئێراق، بەشگەلێکی بەربڵاویان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژاوایی ئەم وڵاتەیان داگیرکرد و تاوانێکی زۆریان ئەنجام دا .