تشرینی دووه‌م 10, 2018 17:47 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی دەمشق بە پەلامارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆسەر

حکومەتی سوریا بەناردنی نامەی جیاجیا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە، پەلامارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا بۆسەر ناوچەی "هجین"ی سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی شەرمەزار کرد.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، حکومەتی سوریا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان کردووە، ئەرکی خۆی جێ بەجێ بکات لەمەڕ پێش گرتن بە دووپات بوونەوەی پەلامارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەناو دژە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا و میکانیزمێکی سەربەخۆ و بێلایەن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بخاتەڕوو.

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی بەناو نێودەوڵەتیی شەوی هەینی گوندی هجین لە دێرەزووریان بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە لانیکەم بیست و شەش شارومەندی سوری کوژران.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا ١٣ی ئۆکتۆبریش شاری هجین لەباشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سوریای بە بۆمبی فۆسفۆری سپی پێکابوو.

حکومەتی سوریا چەندین جار بەناردنی نامە بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، خوازیاری کۆتایی هێنان بە تاوانکارییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی لە سوریا بووە.

ئەمریکا لەساڵانی ڕابردوودا بەجاران و بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کەسانی سیڤیلی لە سوریاو ئێراق کردۆتە ئامانج.

سەرپەیڤ