نیسان 30, 2019 00:46 Asia/Tehran
  • بڵاو بوونەوەی تازەترین تۆماری ڤیدیۆیی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش

لەپاش پێنج ساڵ بۆ دووھەم جار تۆمارێکی ڤدیۆیی لە ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش بڵاو دەبێتەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز هەواڵی بڵاو بوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی ڕێکخراوەی تیرۆریستیی داعشی بڵاو کردووەتەوە کە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی باسی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادان دەکات.

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و دەرکەوتنی لە یەکەم تۆماری ڤیدیۆییدا لە مزگەوتێکی شاری موسڵ، ئەمە دووھەمجارە کە سەرکردەی ڕێکخراوەی تیرۆریستیی داعش دوای پێنج ساڵ تۆمارێکی دیکەی ڤیدیۆیی  بڵاودەکاتەوە.

وەک ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز ئاماژەی پێ کردووە، تۆمارەکە لەلایەن دامەزراوەی"فورقان" بۆ پڕوپاگەندەی ڕێکخراوی داعش لە کەناڵی ڕێکخراوەکەو لە ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوکراوەتەوە.

تۆمارەکە بە ناونیشانی "لە میوانییەکی ئەمیری موسڵماناندا" بڵاو بووەتەوە کە تیایدا ئەبوبەکر بەغدادی بە ڕیشێکی خەنەکراوەوە دەرکەتووەو باسی بەردەوام کردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی گروپەکەی دەکات ، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە سیمای  هیچکام لە میوانەکانی پیشان نادرێت.

بەغدای لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا دەڵێت، "براکانتان  دانیان بە خۆیاندا گرت و قورسایی هەرە زۆریان لەسەر بووە لەو جەنگەدا" کە وادیارە ئاماژە بۆ شەڕی باغۆز لە سوریا دەکات.

سەرکردەی ڕێکخراوەی تیرۆریستیی داعش لە قسەکانی دا بۆ میوانەکانی ئاماژە بە سەرباز و فەرماندە و کەتیبە و لیواکانی گروپەکەی و  ھەروەھا ئەوانەش دەکات کە خۆی وتەنی ئەوپەڕی توانا و هەوڵی خۆیانیان بەکار ھێناوە  بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری ڕێکخراوەکەی.

تۆمارە ڤێدیۆییەکە مێژووی نازانرێت، بەڵام بە پێی ئەوەی کە تیای دا ئاماژە بە شەڕی باغۆزی سوریا دەکرێت لەوە ئەچێ ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێ نەپەڕی بێت.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوەو قەیرانی عێراقیش لە ساڵی دووهەزاروچواردەو لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کرا، کە لە ئەنجامی گیان بەختکاریی سوپاو جەماوەری ھەردووک وڵاتەکە ھەتا ئێستا ئەو پیلانانەی دوژمنان پووچەڵ بووەتەوە.

 

سەرپەیڤ