گەڕانەوەی لەشکریانی ئەمریکی بۆ باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا
سەدان سەربازی ئەمریکی کە لەم دواییەدا لە ناوچەگەلێکی باکووری سووریاوە بەرەو عێراق کشا بوونەوە، لە ئێستادا بە کەرەستەو تفاقێکی زۆرترەوە لە مۆڵگەکانی جارانیاندا جێگیر بوونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، ناوەندی ناسراو بە «ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ» ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: زیاتر لە پانسەد سەربازی ئەمریکی لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو بە چەک و تفاقی سەربازی و لۆجیستیکیەوە گەڕاوەنەتەوە بۆ بنکەی« قەسرەکی» لە نێوان« تەل تەمەر» و «تەل بیدەر» کە خاکی عێراق بە جاددەی قامیشلی-حەڵەبەوە دەنووسێنێ.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، فڕگەی «سەرین» لە باکووری سووریاش لەماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو گەشتی فڕۆکەکانی ئەمریکی و دابەزاندنی بارو تفاقی سەربازی و لۆجیستیکی بە خۆیەوە دەبینێت.
ناوەندی ناسراو بە «ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ» پێشتریش ھەر باسی ئەوەی کرد بوو کە: بە پێچەوانەی ئەوەی باسی دەکرێت کە گوایە لەشکریانی ئەمریکی لە باکووری سووریا کشاونەتەوە، کاروانێکی سەربازانی ئەمریکی لە باکووری عێراقەوە ھاتوونەتە نێو خاکی سووریاو لەوێوە بەرەو پارێزگای دێرۆزوور جوڵەیان کردووە.