کوژرانی حەوت شەڕڤانی کورد لە ھێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا
دوابەدوای ھێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گردوپەڕی شاری کۆبانی ھەڵکەوتوو لە باکووری سووریا، حەوت کەس لە شەڕڤانانی کورد کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا»ش دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند: تورکیا لە ھێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی بۆ سەر گوندی «قەرەنفل» لە ڕۆژئاوای شاری گرەسپی لە گردوپەڕی باکووری ڕەققە، گەڕەکەکانی بوردومان کرد کە لە ئەنجام دا پێنج کەس لە خەڵکی سڤیلی ناوچەکە گیانی خۆیانیان لە دەست دا.
سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە نۆھەمی ئۆکتۆبەر لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، بە بیانووی خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزم و پاکتاوکردنی سنوورەکانی نێوان سووریاو تورکیا لە شەڕڤانانی کورد ، بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ھەڵیکوتایە سەر باکووری سووریا. کەچی حەوتەیەک دوای ئەوھێرشانە بە ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە نێوان تورکیا و ئەمریکا ئەو ھێرشانە بە شێوەیەکی کاتی وەستێندران و ئانکارا پێنج ڕۆژ مۆڵەتی دایە شەڕڤانانی کوردی سووریا بۆ ئەوەی ھەتا قوڵایی ٣٢ کیلومەتریی سنووری تورکیا بکشێنەوە.
دوابەدوای ئەم ئاگربڕە پێنج ڕۆژەیە لە باکووری سووریاو واژۆکرانی تەبایی نامە لەنێوان ڕووسیاو تورکیا لە سوچی بۆ ڕاگیرانی شاڵاوە سەربازییەکانی تورکیا، ھێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیان کرد بە کشانەوە لەو ناوچانەی دیاری کرا بوون.
سەرباری ئەمەش کاربەدەستانی تورکیا جەختیان کردووە کە ھەتا کاتی چەسپێندرانی ئاسایشتی باکووری سووریا لەو وڵاتەدا دەمێننەوە. ئەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا لەگەڵ ئیدانەکرانی جەماوەرو دەوڵەتی سووریاو ھەروەھا کۆمەڵگای جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.