کوژرانی سەربازێکی سوپای تورکیا لە سووریا
وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا رایگەیاند ئەفسەرێکی دیکەی سوپای ئەم وڵاتە لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هیزەکانی سوپای سووریا کوژراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند؛ ئەم ئەفسەرە تورکیاییە لە پەلاماری نیوەڕۆی دوێنێ شەممەی سوپای سووریا بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنیی ئیدلیب کوژراو و سوپای ئەم وڵاتەیش لە کاردانەوە دەستی دایە کوتانی هاوکاتی ٢١ بنکەی هێزەکانی سووریا.
وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا دوو ڕۆژ لەمەوبەریش باسی کوژرانی ٢ سەربازی ئەم وڵاتە لە "ئیدلیب"ی سووریای کردبوو.
هەروەها "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیایش ئەمڕۆ شەممە بە بێ ئاماژە بە دەسدرێژیی سوپای ئەم وڵاتە بۆ سەر خاکی سووریا، بانگەشەی کرد کە سیاسەتەکانی ئانکارا بەرامبەر بە ئیدلیب ئاژاوەگێرانە و شەڕاشۆیانە نییە.
ئەردوغان هەروەها پێنجی مانگی مارسی داهاتووی بە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی چوارلایەنەی سەرانی تورکیا، ڕووسیا، ئەڵمان و فەرەنسا سەبارەت بە ئیدلیبی ڕاگەیاند.
سووریا نزیکەی دوو مانگە کە ئۆپەراسیۆنی پاکتاو کردنی پارێزگای ئیدلیب لە چنگی تیرۆریستانی دەست پێ کردووە، بەڵام تورکیا کە نەیاری ئەو کردەوەیە، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بەشێک لە خاکی سووریای داگیر کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا بە پەرەپێدانی شەڕ و پێکدادانی سەربازیی لە نێوان تورکیا و سووریا، ڕاشکاوانە داکۆکی خۆی لە سوپای سوریا ڕاگەیاندووە.