سەرۆک وەزیرانی سوریا لە پۆستەکەی دوور خرایەوە
سەرۆک کۆماری سووریا «عیماد خەمیس»ی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەی لە پۆستەکەی دوور خستەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران ، «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی پێنج شەممە «حسەین عەرنوس» وەزیری ئێستای سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم وڵاتەی وێڕای ڕاگرتنی پۆستەکەی، وەک سەرۆک وەزیرانی کاتیی ئەم وڵاتە ھەڵبژارد.
«عیماد خەمیس» لەم دواییەدا لە بەر پەرەسەندنی گرانی و دابەزینی لیری سووریا لە بەرامبەر دراڤە دەرەکییەکان، بە توندی کەوتبووە بەر ڕەخنەی کۆڕوکۆمەڵە جەماوەری و تەنانەت دەوڵەتییەکانیش.
بڕیار وایە «عەرنوس» ھەتا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تازە سەرپەرشتیی ئەنجومەنی وەزیران بکات.
سێھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا کە بڕیار وا بوو یانزەی ئاپریل بەڕێوە بچێت، لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا کەوتە بیستەمی مای ٢٠٢٠، بەڵام بەردەوامیی ڤایرۆسی کۆرۆناو بڵاو بوونەوەی، بووە ھۆی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری سووریا کاتی بەرپا کرانی ھەڵبژاردن ھەتا دو مانگی دیکە پەک پێ بخات.