ڕێککەوتنی سووریاو ڕژێمی زایونی لەمەڕ گۆڕینەوەی دیلەکانیان بە نێوەندگریی ڕووسیا
ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا» ڕایگەیاند: ئەم وڵاتەو ڕژێمی زایونی بە نێوەندگریی ڕووسیا بۆ گۆڕینەوەی دیلەکانیان پێکەوە ڕێک کەوتوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی «سانا»، لە چوارچێوەی پێداگرتنی دەوڵەتی سووریا بۆ دزگارکردنی شارومەندانی خۆی لە گرتووخانەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایونی بە ھەر شێوازو تێچوویەک، لە ئێستادا ئەم کارە خەریکە مسۆگەر دەبێت و بۆی ھەیە لەم ماوەیەدا شارومەندانی سووریی دانیشتووی جۆلانی داگیرکراو لە بەندیخانەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایونی ئازاد بکرێن.
بە پێی نووسینی سەرچاوەیەک کە «سانا» ناوەکەی نەدرکاندووە، لە ئێستادا ڕەوتی گۆڕینەوەی زیندانییەکان لەنێوان سووریاو ڕژێمی زایونی بە نێوەندگریی ڕووسیا بۆ ڕزگار کرانی دوو دیلی سووریی خەڵکی جۆلان بە ناوەکانی «نەھال ئەلمەقت» و «زەیاب قەھموز» دەستی پێکراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە بەرامبەر ڕزگار کرانی ئەو دوو دیلە سوورییە، دیمەشق کچێکی ئیسرائیلیی کە بە ھەڵە ھاتووەتە نێو زەوییەکانی ناوچەی «قەنیتەرە»ی سووریا و لە لایەن دەزگا ئاسایشتییەکانی ئەم وڵاتەوە قۆڵبەست کرا، ئازاد دەکات.
بەرلەمە گەلێک جار خەڵکی سووریا بە تایبەت دانیشتووانی جۆلانی داگیرکراو بە بەرپاکردنی گردبوونەوەی ناڕەزامەندانە لە بەردەم نووسینگەی خاچی سوور لە دیمەشق داوای ڕزگار کرانی دیلەکانی سووریا لە بەندیخانەکانی ڕژێمی زایونییان کرد بوو.