May 11, 2021 06:59 Asia/Tehran
  • ڕادەست کرانی «نامەی مانەوەی» باڵوێزی ئێران بە وەزیری دەرەوەی سووریا

باڵوێزی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا نیوەڕۆی ڕۆزی دووشەممە لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دیداری کردو کۆپییەکی نامەی مانەوەکەی ئاراستە کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، مەھدی سوبحانی لە دیدارەکەدا پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتی ئێران و سووریای بە مێژوویی ، قوڵ، ستراتژی و گەلێک دۆستانە زانی و لە سەر بەردەوام بوونی ڕەوتی ڕوولەگەشەی پەیوەندییەکانیش لە ڕووی دووقۆڵی، ناوچەیی و نێونەتەوەییشەوە پێی داگرت.

«سوبحانی» وێڕای ئاماژە کردن بە ھاوکارییەکانی ھەردووک وڵات لە خەباتی دژی تیرۆریزم، لە سەر ڕاوەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنیشتی دەوڵەت و گەلی سووریا لە قۆناغی بنیاتنانەوەو دوای کۆتایی ھاتنی شەڕیش جەختی کرد.

«فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریاش وێڕای ستایش کردنی ھەڵوێست و پشتگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت، گەل و دەوڵەتی سووریا پێزانی داکۆکی و ھاوڕێیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

بەڕێزی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی بە ستراتژی و ھەڵکەوتە نرخاندو لە سەر خواستی کاربەدەستانی باڵای سووریا بۆ بەردەوام کردنی ئەم ھاریکارییانە پێی داگرت.

«مەھدی سوبحانی» باڵوێزی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە گەییشتە دیمەشق. 

سەرپەیڤ