ته‌مووز 14, 2021 19:41 Asia/Tehran
  • ئیلھام ئەحمەد: پارێزرانی یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا دروشمی ئێمەشە و لەم بوارەدا لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق کۆک و ھاوبیرو ڕاین

ئیلھام ئەحمەد» سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند: یەکێک لەو مەرجە سەرەکیانەی دیمەشق پێویستیی پارێزرانی  یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا بوو کە لە ڕاستی دا یەکێک لە دروشمەکانی ئێمەشەو لەمەدا کۆک و ھاوبیروڕا بووین.

«ئیلھام ئەحمەد» سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە میانەی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەگەری دا لەبارەی لێدوانەکەی «سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەست بە دیالۆگی نێوان حکومەتی سوریا و پێکھاتە کوردییەکەی  باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند:  پێشمەرجمان نییە بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، بەڵکو پرۆژەمان هەیە کە وەک خاڵی چوونە ژورەوە بۆ چارەسەری چاوی لێ دەکەین و بەنیازی قەبوڵاندنی بە لایەنەکانی دیکەشین.

بە قسەی «ئیلھام ئەحمەد» لەو پرۆژەیەدا تەواوی خەڵکی ناوچەکە بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جۆربەجۆرەکانەوە تیای دا بەشدارن چونکو قوربانیی گەورەیان بۆ داوە.

سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکھاتەکەمان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پابەندبوونی خۆی بە یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا دووپات کردووەتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەشداری شەڕی دژی تیرۆر بووە، لە ئێستاش دا پێشمەرجمان بۆ دانوستان نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشت داگرمان پێیەو باوەڕیشمان وایە کە هەر دیالۆگ و دانوستانێک لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا دەبێت لەژێر چاودێری و گەرەنتیی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت. 

«ئیلھام ئەحمەد» لە بارەی ھەبوونی خاڵی ھاوبەش لە نێوان پێکھاتە کوردییەکەی باکوورو ڕۆژھەڵاتی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشقیش ڕایگەیاند: یەکێک لەو مەرجە سەرەکیانەی دیمەشق پێویستیی پارێزرانی  یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا بوو کە لە ڕاستی دا یەکێک لە دروشمەکانی ئێمەشەو لەمەدا کۆک و ھاوبیروڕا بووین، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت لەو کاتەدا ھیچ بیرۆکەیەکی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێمەدا نەبوو، ئەمەش وای کرد کە ھیچ پێشکەوتنێک لە ھەوڵەکاندا بەدی نەیەت. 

سەرپەیڤ