ئاب 02, 2021 14:30 Asia/Tehran
  • مەزڵوم کۆبانی:هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەی گفتوگۆ کردنن لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەیە کە خوازیاری چارەسەری قەیرانی سووریان

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند هێزەکانی سووریا دیموکرات ئامادەی گفتوگۆ کردنن لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی خوازیاری چارەسەر کردنی قەیرانی سووریان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەمیانەی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە، رایگەیاندووە: دانوستاندنەکانی سووری-سووری و حکومەتی سووریا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی گرنگن".

مەزڵوم کۆبانی ڕاشیگەیاند تا ئێستا داواکارییەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا دوژمنانەن و لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نین. بە خیانەتکار و دابەشکەری سووریا تۆمەتبارمان دەکەن، بەڵام ئێمە بەوانە دەڵێین، سنوورەکان و دەروازە سنوورییەکانتان بەجێهێشت، ئێستاش هێزەکانی ئێمە پارێزگاری لێدەکەن، هەسەدەش شانازی بە ڕەگەزنامە سوورییەکەیەوە دەکات.

سەبارەت بەهەماهەنگی‌ و کارکردنیان لەگەڵ هێزە بیانییەکان مەزڵوم کۆبانی وتی: لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش هەماهەنگی‌ و کارکردنمان بەردەوامە، ئەویش لەپێناو ڕاوەدوونانی چەکدارانی داعش کە هێشتا مەترسییێکی گەورەن لەسەر تەواوی سووریا و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بەتایبەتی.

ناوبراو ده‌شڵێت: "لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیاش بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا هەماهەنگیمان هەیە.

کۆبانێ لەبەشێکی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ده‌ڵێت: تورکیا هێشتا بەردەوامە لەگۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە داگیرکراوەکان، بۆیە کاری لەپێشینەمان ئازادکردنی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی ئاوارەکان دەبێت بۆسەر زێدی خۆیان لە شارەکانی عەفرین ‌و سەرێکانی‌ و گرێ سپی ‌و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی سووریا.

سەرپەیڤ