تشرینی یه‌که‌م 03, 2021 10:01 Asia/Tehran
  • ئیلهام ئەحمەد: کوردانی سوریا حەزیان لە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریایە

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی رایگەیاند:" ئەوان پشتیوانیی گفتوگۆی ناوخۆی خەڵکی سوریا دەکەن و ئیدارەی بایدن دڵنیاییان پێداوین کە هێزەکانیان لە سوریا ناکێشنەوە".

 

دوێنێ شەممە ، ئیلهام ئەحمەد، لە ئەمریکاوە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند:کوردانی سوریا حەزیان لە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا هەیە.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات وتیشی “ئێمە زۆر حەزمان لە دیالۆگی ناوخۆیی نێوان سوریەکانە و ئەمە ئەو شتەیە کە جەختی لەسەر دەکەینەوە کاتێک باس لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ واشنتۆن و مۆسکۆ دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە وتووێژەکانی ئاشتی لە ژنێف و لە رێککەوتنە سیاسییەکانی دیکەی نێودەوڵەتیدا ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی نوێنەرایەتی ناکرێت وتیشی “ئەگەر ئێمە قسە لەسەر پرۆسەیەکی سیاسی جدی بکەین، پێویستە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات نوێنەرایەتی هەبێت”.

هاوکات رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، وەفدەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە ئیدارەکەی بایدن کردووە، یاسای قەیسەر کە سەپێندراوە بەسەر حکومەتی دیمەشقدا، لەسەر ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا سوک بکات، تا ئەو وادەیەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ دیمەشق دەستپێدەکات.

سەرپەیڤ