نیسان 18, 2023 20:24 Asia/Tehran
  • ئەسەد: سیاسەتی ڕاستبینانەی عەرەبستان لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدایە

سەرۆکی سوریا ڕاشیگەیاند: سیاسەتی نەرم و نیان و ڕاستبینانەی عەرەبستان لە بەرژەوەندیی وڵاتانی عەرەبی و هەموو ناوچەکەدایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن لە دیمەشقەوە، «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سوریا، لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ «فەیسەڵ بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە کۆشکی گەل لە دیمەشق، هاوکاریی نێوان وڵاتانی عەرەبیی لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتی دا بە بابەتێکی پێویست زانی، بۆ ئەوەی لەم پێشهاتانە لە ئاراستەی دابین کردنی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە کەڵک وەربگیردرێت.

سەرۆک کۆماری سوریا هەروەها داوای کرد وڵاتانی عەرەبی پشتیوانیی گەلی سوریا بکەن بۆ ئەوەی هەم حکومەت و هەم گەلی سوریا بتوانن بەسەر دەرئەنجامەکانی شەڕی دژی ئەم وڵاتە زاڵ بن و بە سەقامگیری و ئارامیی ناوخۆ لەسەر ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی جۆلان چڕ ببنەوە.

لەم دیدارەدا «بەشار ئەسەد» و «بن فەرحان» ڕەهەندەکانی هاوکاریی دوو قۆڵیی نێوان ڕیاز و دیمەشق پرسەکانی جێی سەرنجی هەردوولایان لە پێوەندی لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کرد.

«فەیسەڵ بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش لەم دیدارەدا ڕایگەیاند، ڕیاز دڵنیایە لەوەی کە حکومەت و گەلی سوریا بە ئیرادەی خۆیان دەرئەنجامەکانی شەڕەکە تێدەپەڕێنن و گەشەپێدانی بەردەوام دەبەنە واری جێبەجێ کردنەوە.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ڕیاز پاڵپشتیی دیمەشق دەکات بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریاو هەروەها بۆ دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری لەم وڵاتەدا بەمەبەستی دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا.

سەرۆکی دیپلۆماسیی عەرەبستان ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریاو وڵاتانی عەرەبیە بۆ دۆخی ئاسایی بۆ ئەوەی سوریا ڕۆڵ و جێ و شوێنی خۆی لە ناوچەکەدا بەدەست بهێنێتەوە.

سەرپەیڤ