توركیا لەتینووكردنی ناوچەكانی باکووری سوریا بەردەوامە
دەیان ئەندامی یەكەی ئاوی تەبقەو نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر لە تەبقە كۆبوونەوە و سەبارەت بە دۆخی ئاوی ڕووباری فورات و كاردانەوەكانی لەسەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، رونكردنەوەیان دا.
هاوسەرۆكی یەكەی ئاوی تەبقە حەمود ئەلشێخ ئاماژەی دایە ؛ بەبەردەوامی گرتنەوەی ئاو لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لە سەرناوچەکانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەكارهێنانی ئاو وەك چەكێك لەدژی خەڵكی ئەوناوچانە دا.
باسی لەوەشكرد كە تورکیا ئاوی خواردنەوەی لە حەسەكە بڕیوە و ئاوی فوراتی ڕاگرتووە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بە گۆڕینی ئەو وێستگانە كراوە كە بۆ دەستەبەركردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵك دیاریكراون، هەروەها وەستاندنی ٩ وێستگەو بێبەشكردنی ئەو كەسانەی پشت بەو وێستگانە دەبەستن بۆ ئاو.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە كە ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت بۆ ڕزگاركردنی دانیشتوانی سوریا بە گشتی و باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەتی و هەروەها ڕێگری بکات لە تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا لە دژی سورییەكان.