کانونی یه‌که‌م 15, 2024 20:02 Asia/Tehran
  • بەردەوامبوونی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سوریا

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی ئەمڕۆ زیاتر لە ٦١ جار ناوچەکانی "ئەلمەسیاف"ـیان لە دەڤەری ڕۆژاوای حەماه ، هەممارەکانی چەک لە گوندی "مەحجە" لە باکووری دەرعا و ڕۆژهەڵاتی حومس و هەماریی سەربازیی "شنشار" لە دەڤەری حومسی سوریای بۆردومان کرد.

ڕژێمی زایۆنی زنجیرە پەلامارێکی دەستپێکردووە بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی دەڤەری دیمەشقدا. کارگەی چەک و کەرەستەی جەنگیش لە ناوچەی ئەسەفیرە هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب و بنکەیەکی سەربازیی سەر بە سوپای سوریا لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی حومسیش چەندین جار لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنییەوە بۆردومان کران. میدیاکانی سوریا هەروەها باسی ڕوودانی تەقینەوەگەلێکی بەهێز و بەربڵاو لە حەمایان کردووە بە هۆی پەلامارە ئاسمانییەکانی ڕژێمی  زایۆنی بۆ سەر ئەم ناوچەیە. لە لایەکی دیکەوە میدیا عبریزمانەکانیش راپۆرتیان داوە کە ژماری پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سوریا لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٥٠ پەلامار بووە و لەو پەلامارانەدا نزیکەی هەر هەموو توانای سەربازی و بەرەڤانیی سوپای سوریا تیاچووە. ناوەندی چاودێری مافی مرۆڤی سوریایش رایگەیاندووە کە ئیسراییل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی توونێلەکان و هەممارەکانی چەک و کەرەستەی جەنگی لە چیای قاسیون کە لە نزیکی دیمەشق هەڵکەوتووە . هەمماری سەربازیی لە شنشار لە دەڤەری حومسش لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسراییلەوە بۆدرومان کراوە. ڕژێمی زایۆنی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کردەوەگەلێکدا کە بە مانای بنپێکردنی ئاشکرای مافی سەروەری و سیادەی سوریایە، پەلامارە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی نێو خاکی سوریا گەلێک تووندتر و بەبڵاوتر کردووە. 

سەرپەیڤ