١٧ کوژراو لە پەلاماری تازەی ئیسراییل بۆ سەر سوریا
لە پەلاماری درۆنیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کۆگایەکی کەرەستەی جەنگی لە نزیکی شاری "عەدرا" لە دەڤەری دیمەشق، ١٧ کەسی مەدەنی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
ژێدەرە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی هێرشیان کردۆتە سەر کۆگایەکی کەرەستەی جەنگی لە نزیکی شاری "عەدرا" لە دەڤەری دیمەشق. لەم پەلامارەدا ١٧ کەسی مەدەنی کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوونە.
لە ٨ی دێسەمبەرەوە و دوابەدوای ڕووخانی حکومەتی سوریا و دەسەڵاتگرتنە دەستی گرووپی هەتەشە، پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سوریا بە شێوەیەکی بێوێنە پەرەی سەندووە و داگیرکەرانی زایۆنی دەیان و سەدان کیلۆمەتر چوونەتە نێو خاکی سوریا و تا ئێستا سەدان شاروومەندی سوریایان کوشتووە.
خاڵی جێی تێڕامان لەبارەی ئەم پەلامارانەوە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی ئێستا دەسەڵاتی سوریایان گرتۆتە دەست، هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بەو پەلامارانەی ڕژێمی زایۆنی نەبووە. ئەوە نەبێ کە جۆلانی چەن جار ڕایگەیاندووە هیچ هۆگری شەڕکردن لەگەڵ ئیسراییل نییە.