مەزڵوم عەبدی: ئێستا هەڵوێستی دیمەشق لەمەڕ لامەرکەزی ، ئەرێنی بووە
فەرماندەی هەسەدە باسی پێشکەوتنی دانوستان لەگەڵ جۆلانی دەکات و دەڵێ هەڵوێستی دیمەشق لەمەڕ لامەرکەزی و چاکسازی لە دەستوور ئەرێنی بووە.
عەبدی دەڵێ ئاسایشی ئێمە لە پێکهاتەی تازەی سوپا و وەزارەتی بەرگری سوریا بەشدار دەبێت.هەروەها بوار بۆ گەڕانەوەی ڕێکخراوی ئاوارەکان بۆ عەفرین ، گرێ سپی و سەرێکانی خۆش کراوە.
فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا و دیمەشق لەبارەی هاوکاری یەکتر دژی داعش، هەڵوەشانەوەی بایکۆتەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دەی مارس و ئاگربەسی سەرانسەری گفتگۆی کردووە.
بەقسەی عەبدی وتووێژەکان سەبارەت بە چاکسازی لە دەستور و سیستەمی ناناوەندی بەردەوامە و ئێستا هەلومەرجەکە لەبارتربووە.گوتیشی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ دەبێتەوە و جێگەوپێگەیەکی بەرزی دەبێت و ئەزمونی سەرکەوتووی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەڵەب ، نمونەی باشی ئەو هاوکارییەن.
فەرماندەی هەسەدە وێڕای تەئکید لەسەر دەستەبەرکرانی مافی کورد و چاکسازی لە دەستوور ڕایگەیاند چارەسەری پرسەکان دەبێ بەدەس سورییەکان بێت و تورکیا باش وایە بێلایەنانە دەوربگێڕێت.