مەزڵووم عەبدی: هێزکانمان لە حەڵەبەوە دەگوازرێنەوە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، دوای نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ راگرتنی تەقە و گواستنەوەی هێزکان و برینداران لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرەو باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، لێکتێگەیشتنەکە گەرەنتیی چوونەدەرەوەی تەرمی کوژراوان و برینداران، مەدەنییە گەمارۆدراوەکان و چەکداران دەکات لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بەرەو باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
سێشەممەی رابردوو، سوپای جولانی هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب. هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی ئەو گەڕەکانەش کە سەر بە هەسەدەن رووبەڕوویان بوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسەڵاتدارانی خۆجێی و روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ، نزیکەی ١٤٠ بۆ ١٨٠ هەزار کەس لەم دوو گەڕەکە ئاوارە بوونە و نزیکەی ٣٠ کەسیش کوژراوان کە خەڵکی سیڤیلیشیان تێدا بووە.