دیمویستۆرا؛ شەوی دووشەممە لە تاراندایە
"ستێفان دیمیستۆرا"ی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا شەوی دووشەممە دەگاتە ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ئیسنا؛ "ستێفان دیمیستۆرا" Staffan de Mistura نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستانەدا، شەوی دووشەممە سەردانی ئێران دەکات و سبەی دووشەممەیش لەگەڵ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوە و "حسێن جابری ئەنساری" جێگری وەزیری درەەوە و دانوستانکاری باڵای ئێران لە کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا ، ڕاوێژ و وتووێژ دەکات.
وتووێژ سەبارەت بە دوایین باروودۆخی قەیرانی سووریا و چارەسەر کردنی ئەم قەیرانە لە ڕێگای وتووێژی سیاسییەوە تەوەرەی باس و ڕاوێژەکانی نێوان دیمیستۆرا و کاربەدەستانی ئێرانی دەبێ.
بڕیارە شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستانە سێپتەمبەری ٢٠١٧ بەڕێوە بچێ.
خولی پێنجەمی دانوستانی سووری _سووری لە ئاستانە چوارەمی ژولایی ٢٠١٧ بە بەشداری شاندەکانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا، نوێنەرانی دەوڵەتی سووریا و بەرهەڵستکارانی چەکدار، لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە چوو.