تەلەفزیونی ئیسرائیل : نتانیاهۆ گەڵاڵەی هەڵوەشاندنەوەی هەنگاوی هاوبەش دەداتە ترەمپ
کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند : سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە ڕۆژی دووشەممە گەڵاڵەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەنگاوی هاوبەش دەداتە دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا.
بنیامین نتانیاهۆ ڕۆژی دووشەممە لە نیۆیۆرک لەگەڵ ترەمپ دیدار و تووێژ دەکات .
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردووش هاوڕەوت لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کە هەمووکات خوازیاری تێک دانی بەرنامەی هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکیە، وتی :هەنگاوی هاوبەش دەبێ هەڵوەشێندرێتەوە .
ئەمەش لەحاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ئەورووپی لەوان ژان ئیو لۆ دەریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەم دواییە وێڕای داکۆکی کردن لە بەرنامەی هەوڵی هاوبەش، ڕەخنەی گرتووە لە هەڵوێستی دەوڵەتی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی .
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و تاقمی پێنج و یەک لە ژانیڤەری ساڵی 2016ەوە جێبەجێ کراوە بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەک یەکێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە هەمووکات لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە بێ بەڵێنیی کردووە .
دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەمووکات بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتن، بەرنامەی هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکی بە ڕێککەوتنێکی نالەبار وەسف کردووە و داوای تێک دانی کردووە، ڕژێمی زایۆنیستیش داکۆکی لە ترەمپ دەکات بەڵام جیهان نەیاری ئەم هەوڵە دوژمنکارانەیەی سەرۆکی ئەمریکایە .