ساڵحی: ئێران بەڵێنێکی واوەتر لە هەنگاوی هاوەبەشی لە ئەستۆ نییە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i308919-ساڵحی_ئێران_بەڵێنێکی_واوەتر_لە_هەنگاوی_هاوەبەشی_لە_ئەستۆ_نییە
سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران پاش دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا وتی: ئێمە پێبەندین بە هەموو بەڵێنەکانمان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی پادمان، پرۆتۆکۆلی پاشکۆ و هەروەها بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و زیاتر لەوە هیچ ئەرک و ئەستۆگرییەک بۆ خۆمان بەدی ناکەین.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 19, 2017 04:22 Asia/Tehran
  • ساڵحی: ئێران بەڵێنێکی واوەتر لە هەنگاوی هاوەبەشی لە ئەستۆ نییە

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران پاش دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا وتی: ئێمە پێبەندین بە هەموو بەڵێنەکانمان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی پادمان، پرۆتۆکۆلی پاشکۆ و هەروەها بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و زیاتر لەوە هیچ ئەرک و ئەستۆگرییەک بۆ خۆمان بەدی ناکەین.

عەلی ئەکبەر ساڵحی ئێوارەی دووشەممە پاش دیدار لەگەڵ "یوکیا ئامانۆ" لە وتووێژی تایبەت لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران لە ڤییەنا، بە ئاماژە بەوەی کە دیمانە و وتووێژی باشی لەگەل ئامانۆ هەبووە، وتیشی: ئامانۆ ئەوپەڕی ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە ئێران پێبەند بووە بە هەموو ئەرک و ئەستۆگرییەکانی و ئێمەیش خۆشحاڵی و ڕەزامەندیی خۆمان دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە ئاژانس تا بە ئەمڕۆ توانیویەتی بە بێ ئەوەی بکەوێتە بن کاریگەریی کەشی سیاسییەوە، هەموو کار و ئەستۆگرییەکانی بە ڕێک و پێکی جێبەجێ بکات.

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: لەم دیدارەدا کۆمەلێک لە گەڵاڵە پێشنیارییەکانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران  بۆ هاوکاریی باشتر لەگەل ئاژانس ئاراستە کرا کە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسیش باسی ئامادەیی ئەم ناوەندە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو گەڵاڵەگەلەی کرد.

ساڵحی وتی: ئامانۆ لەم دیدارەدا راپۆرتێکی ئاراستە کرد سەبارەت بەو دیمانە و تووێژانەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ئەنجامی داوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتیشی: پێداگریی ئێمەش لە سەر ئەوە بوو کە هەر بەو لەونەی لە سوێندنامەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە و ئەمڕۆیش ئەو سوێندنامەیە لە لایەن  ئامانۆوە خوێندرایەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس دەبێ سەربەخۆیانە بجوڵێتەوە و بایەخ بە راسپێرییەکانی دیکە نەدات.

عەلی ئەلبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هەروەها ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی شەست و یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا لە ڤییەنا لەگەڵ دانیال وێرواردە Daniel Verwaerde بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمیی فەرانسا و لێژنەکانی ڕووسیا و چین دیداری و تووێژی کرد.

شەست و یەمەین کۆبوونەوەی گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بە بەشداریی نوێنەرانی ١٦٨ وڵاتی ئەندامەوە لە باڵاخانەی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا دەستی پێ کردووە.