رۆحانی : تاڵەبانی دەورێکی گرینگی لە یەکگرتوویی نیشتمانی و یەکێتیی ئێراق دا هەبوو
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێک دا کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆکی پێشوو و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراقی لە دەوڵەت و گەلی ئەم وڵاتە سەرەخۆشی کرد .
حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لەم پەیامەی دا وتی : جەلال تاڵەبانی بۆ بەهێزبوونی پێوەندی نێوان ئەتن و ئایین و هۆزەکانی ئێراق هەوڵێکی زۆری دا و لە یەکگرتوویی نیشتمانی و یەکێتیی ئێراق و بەهێز بوونی ڕەوتی سیاسی و بردنەسەری جێگەوپلەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئێراق دەورێکی گرینگی هەبوو .
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە دەوری تاڵەبانی لە بەهێزکردنی پێوەندی برایانەی دوو گەلی ئێران و ئێراق هیواداری دەربڕی هۆگی هاوسەنگ و جەماوەریی جەلال تاڵەبانی وەک میراتێکی پڕبایخ لە فەرهەنگی سیاسی ئێراق و لەنێوان ئەتن و هۆزەکانی ئەو وڵاتە سەرنجی بدرێتێ و پەیڕەوی لێ بکرێت .
جەلال تالەبانی لە ساڵی ١٩٣٣ لە نزیکی شاری هەولێری عێراق لە دایک بووە . ئەو یەکەم سەرۆک کۆماری غەیری عەرەبی عێراق بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥، دوو ساڵ دوای هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سەرنخوونیی ڕژیمی سەددام، بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردراوە .
جەلال تاڵەبانی کۆتایی ساڵی 2012 دوای جەڵتەی مێشک گوێزرایەوە بۆ ئاڵمانیا و دوای نۆزدە مانگ گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستانی ئێراق و سەرەنجام ماوەیەک لەمەوبەر دوابەدوای ئەوەی باری تەندوروستیەکەی دیسانەوە تێک چوو جارێکی تر گوێزرایەوە بۆ ئاڵمان و ڕۆژی ڕابردوو واتە سێ شەممە لە تەمەنی هەشتا و چوار ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.