رۆحانی: زانست و لێکۆڵینەوە سنووری نییە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی : زیاترلە نۆ هەزار چاندنی خانە بنەماییەکانی مۆخی ئێسقان نیشانەیەکی دیکە لە کارنامەی درەوشاوەی ئێران لە گۆڕەپانی پزیشکی دایە .
حەسەن رۆحانی ڕۆژی شەممە لە پەیامێک دا بۆ کۆنگرەی نێودەوڵەتی پێوەندی مۆخی ئێسقانی ئاسیا و ئوقیانوسیە لە تاران پێداگری کرد : زانست و توێژینەوە سنوور هەڵگر نییە و زانست و بیرکردنەوە نابێ بکەوێتە بن کارتێکەری ڕووداوەکانی دیکە بەتایبەت پرسەکانی سیاسی .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، بەڕێوە چوونی ئەم کۆنگرەیەی بە شانازییەکی دیکە بۆ زانست و حیکمەت لە ئێرانی ئیسلامی وەسف کرد و هیواداری دەربڕی ئەم کۆنگرەیە و کۆبوونەوەکانی دیکەی زانستی ، بواری پێویست بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاکان ، توێژینەوە ودەسڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ وڵاتانی جۆربەجۆر دەستەبەر بکات.
ناوبراو ئاماژەی کردە پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی جیهان لە گۆڕەپانی زانست و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پشت بەستن بە سەرمایەی مەزنی مرۆیی و ئەنگیزەکان کە بەرهەمی فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێرانی - ئیسلامییە، لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی جیهانی ، هاوهەنگاوە و وەک وڵاتی پێشەنگی ناوچە، پێشکەوتنی جێ شانازی هەبووە.
بیست و دووهەمین کونگرەی چاندنی مۆخی ئێسقانی ئاسیا و ئۆقیانوسیە لە ئەمڕۆ شەممەوە لە تاران دەستی بەکار کرد و هەتا دووشەممە درێژەی هەیە .
ئێران ، چین، هۆنگ کۆنگ، هیندستان، ئەندونیزیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، مالیزی، پاکستان، فیلیپین، سەنگاپوور، تایلەند، تایوان، ڤێتنام، ئوسترالیا، نیوزلەند، بەنگلادش ، مەغولستان و میانمار وڵاتانی ئەندامی تۆڕی ( APBMT ) یان هەمان تاقمی چاندنی مۆخی ئێسقانی ئاسیاوئوقیانوسیەن.