موگرینی: دانوستانی سەرلەنوێ سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک هەر گونجاو نییە
ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی چوارشەممە پێی داگرت پرسی مووشەکی و ناوچەیی بەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمین و دانوستانی سەر لە نوێ سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک) هەر گونجاو نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "فدریکا موگرینی" ئێوارەی چوارشەممە لە بروکسێل ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ دەکرێ وێڕای هەموو هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەمریکا ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک هەر بپارێزین.
ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە پرسە نائەتۆمییەکان لەوان بەرنامەی مووشەکی کە سەبارەت بەوانە لەگەڵ ئێران کێشەمان هەیە، دەبێ بە جیا بکەونە بەر لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە ، وتیشی: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک هەر بەم شێوازەی ئێستای کە هەیە دەبێ هەروا بمێنیتەوە.
موگرینی هەروەها جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارییەکی باشی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەیە.
سێرگەیی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیایش ئەمدواییە پێی داگرت؛ تێکەڵ کردنی پرسە نائەتۆمییەکان لەگەڵ بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک) کردەوەیەکی هەڵەیە.
"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەمدواییە بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی "باشتر" لە ڕوانگەی ئەمریکاییەکانەوە خەون و خەیاڵێکی تەواوە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێستا کاتی ئەوە گەیشتووە کە ئەمریکا واز لە بە پێچەوانە نیشان دانی ڕاستییەکان بێنێ و پێبەند بوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک دەست پێ بکات، هەر بەو لەونەی کە ئێران پێبەندی ئەم ڕێککەوتنەیە.
ئەمریکاییەکان لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا بە بانگەشەی ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک تەنیا سوود و قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین دەکات هەوڵیان داوە بۆ گۆڕینی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە و یان ئەگەر بکرێ بە تەواوەتی هەڵێوەشێننەوە. بەم پێیە ئەمریکاییەکان خوازیاری ئەوەن پرسە نائەتۆمییەکان لەوان بەرنامەی مووشەکیی ئێران تێکەڵ بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک بکەن.
ئەمریکاییەکان هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مووشەک تاقی کردنەوەی ئێران دژ بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە. ئەوە لە کاتێکدایە کە "نەبیلە مسرالی" وتەبێژی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەمدواییە ڕایگەیاند مووشەک تاقی کردنەوەکانی ئێران ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەم وڵاتە و وڵاتانی پێنج کۆ یەک بنپێ ناکات.
ترەمپ بەردەوام ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکی بە ڕێککەوتنێکی تۆقێنەر و نالەبار وەوسف کردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی؛ بڕیارێک کە بەرەوڕووی ڕەخنەی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆتەوە.