ئەمیر عەبدوڵاهیان: گرینگترین پەیامی ڕێپێوانی ئەربەعینی حسێنی (ع) مەزنایەتیی جیهانی ئیسلامە
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی پێی داگرت؛ گرینگترین پەیام و دەسکەوتی ڕێپێوانی ئەربەعینی حسێنی (ع) لە ناوچە یەکێتی و لە بواری نێودەوڵەتیدا مەزنایەتیی جیهانی ئیسلامە.
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" شەوی یەکشەممە لە بەرنامەیەکی کەناڵی یەکی تەلەڤزیۆنی ئێران بە ئاماژە بە کاریگەری و شوێنهاتەکانی سیاسیی ڕێپێوانی ئەربەعینی حسێنی(ع) ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە هەوڵێکی زۆر لە ناوچە و دەرەوەی ناوچە دەدرێ بۆ بڵێسە پێداننی ئاگری فیتنە و دووبەرەکیی ناوخۆیی، ڕێپێوانی ئەربەعین بە ناوی پیرۆزی ئیسلامی بە تەوەرەی بەهایەکی مەعنەوی لە جیهانی ئیسلام و لە نێوان وڵاتانی ئیسلانی، یەکبیر و ڕایی و یەکدەنگی بەدی دێنێ.
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی بە ئاماژە بە ڕاگەیەندرانی لە کارکشانەوەی "سەعد حەریری"ی سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە عەرەبستانەوە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بە دەسپێبوونی ڕابوونی ئیسلامی لە ناوچە لە ٢٠١١ـەوە، ئەمریکا، ئیسراییل و عەرەبستان بە شێواز و ئامرازی جۆر بەجۆر هەوڵ دەدەن وڵاتانی ناوچە لاواز بکەن و هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی خۆیان بگۆڕن.
"حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان" ، داعشی بە یەکەم ئامرازی تەوەرەی ئەمریکایی - سەعوودی- زایۆنی هێنایە ئەژمار و وتیشی: پاش شکست هێنانی داعش لە لایەن بەرەی خۆڕاگرییەوە، ئەمریکا، عەرەبستان و ڕژێمی زایۆنی پلانی پارچە پارچە کردنی ئێراق و سووریایان دەست پێ کرد و کاتێک کە بینیان ئەم سناریۆیەش بە ئاکام نەگەیشت پلانی لوبنانیان دەست پێ کرد.
"سەعد حەریری" شەممە چوارەمی نۆڤەمبەر لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕیازەوە خوێندیەوە ، ڕایگەیاند کە وازی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی لوبنان هێناوە. زۆرێک لە کاربەدەستانی لوبنانی و هەروەها کارناسان بڕوایان وایە کە لە کارکشانەوەی حەریری بە هۆی گوشاری عەرەبستان و بە مەبەستی زەبر دان لە حزبوڵلا لە ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان ئەنجام دراوە.
حزبوڵڵای لوبنان دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە بەرەنگاربوونەوەی پیلان و کردەوەکانی بەرەی ئەمریکایی- سەعوودی- زایۆنی لە ناوچەکەدا.