بروجردی: توانای مووشەکیی ئێران بۆ دانوستان نابێ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران شەوی هەینی پێی داگرت؛ دانوستان نەکردن سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران سیاسەتێکی هەمیشەییە.
"عەلائەدین بروجردی" لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر سەبارەت بە قسەکانی ئەمدواییەی "ئیمانۆێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرانسا کە خوازیاری وتووێژ سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببوو، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ توانای مووشەکیی ئێران هیچ پێوەندییەکی بە هیچ وڵاتێکەوە نییە.
مەکرۆن ئەمدواییە لە ئاراستەی سیاسەتی واشینگتۆندا کە خوازیاری کۆتایی هاتنی بەرنامە بەرەڤانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ، پێشنیاری دابوو ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک بە لێکدانەوەی مەسەلەی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران تۆکمە بکرێ.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئێران بە هیچ لەونێ ڕێگا بە وڵاتانی دیکە نادات خۆیان لە مەسەلەی "توانای مووشەکی"ی ئێران وەردەن.
بروجردی بە پێداگری لەسەر ئەوەی کەبەرنامەی مووشەکیی ئێران ڕەهەندی بەرگریکارانەی هەیە وتی: توانای مووشەکیی ئێران تەنیا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمانە.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە بەرنامە بەرەڤانییەکانی ئێران لەوان بەرنامەیی مووشەکی هێڵی سووەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە ئەژمار، رایانگەیاندووە سیاسەتی بەرگریکارانە و مووشەکیی ئێران بۆ بەرگری لە وڵات و یارمەتیدان بە دامەزرانی ئاشتی، پاوەجێی و ئاسایش لە ناوچەدایە.
ئەمریکاییەکان بانگەشە دەکەن تاقی کردنەوەی مووشەکیی ئێران بە پێچەوانەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە. ئەوە لە کاتێکدایە کە "نەبیلە مەسرالی" Nabila Massrali وتەبێژی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەمدواییە ڕایگەیاندووە تاقی کردنەوە مووشەکیی ئێران بنپێکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک نییە.