ئێران ڤێتۆ کرانی بڕیارنامەی قودسی لە لایەن ئەمریکاوە شەرمەزار کرد
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی سێشەممە ڤیتۆ کرانی بڕیارنامەی پێشنیاریی مەسر سەبارەت بە قودسی ئیدانە کرد و ئەوەی دژ بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە ئاراستەی بنپێ کرانی مافەکانی گەلی فەلەستین هێنایە ئەژمار.
ئەمریکا شەوی سێشەممە وێڕای دەنگی ئەرێنیی ١٤ی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیارنامەی پێشنیاریی مەسر سەبارەت بە قودس، ئەو بریارنامەی ڤیتۆ کرد.
لە پێشنووسی ئەو بڕیارنامەیەدا هاتووە؛ "هەر بڕیار و کردەوەیەک کە بە مەبەستی گۆڕینی شوناس، باروودۆخ یان داڕشتی حەشیمەتیی شاری پیرۆزی قودس بێ، کاریگەریی مافەوانی نابێ و دەبێ بە پێی بریارنامەکانی هاوپێوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان ، هەڵوەشێتەوە.
ئەم پێشنووسە هەروەها داوا لە هەموو وڵاتانی دەکرد بە پێی بڕیارنامەی ٤٧٨ی ئەنجومەنی ئاسایش، پێش بە دانرانی نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی باڵیۆزخانە بگرن و هەروەها بە پێبەند مانەوە بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، هیچ هەنگاوێکی دژ بەوە هەڵنەگرن.
مەسر پێشنووسی ئەو بڕیارنامەی ڕۆژی شەممە لە نێو ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بلاو کردبوویەوە. هەر بۆیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی لەم بارەوە بەڕێوە برد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "بەهرام قاسمی" راشکاوانە رایگەیاند: ئەمریکا بە ڤیتۆی ئەم بڕیارنامەیە ئەوەی سەلماندووە لە هەوڵ دەدات بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی سازشکارانە لە ڕێگای بنپێ کردنی مافە ڕەوا و یاساییەکانی فەلەستینییەکان.
قاسمی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەمریکا لە شەرعییەت دان بە قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایۆنی، بنپێ کرانی ئاشکرای بڕیارنامە نیودەوڵەتییەکانە داوای لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها هەموو وڵاتانی جیهانی کرد بۆ پاراستنی ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێش بە جێ بەجێ کرانی ئەو کردەوە دوژمنکارانەی ئەمریکا بگرن.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چوارشەممە (شەشەمی دێسەمبەر) وێرای نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی رایگەیاند کە ئەمریکا شەرعییەت دەدات بە قودس وەکوو پێتەختی ئیسراییل و هەروەها فەرمانی دا بە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کە تەگبیری پێویست بۆ گوێزرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤەوە بۆ بەیتولموقەدەس بەڕێوە ببات.
بەیتولموقەدەس لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە لە لایەن ئیسراییلەوە داگیر کراوە.