جان بۆڵتۆن: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک هەر لە سەرەتاوە ڕێککەوتنێکی نالەبار بوو
نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیسان لە ئاراستەی سیاسەتەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکی بە ڕێککەوتنێکی نالەبار وەسف کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ "جان بۆڵتۆن" John Bolton ڕۆژی دووشەممە لە تویتەردا نووسی: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک هەر لە سەرەتاوە ڕێککەوتنێکی نالەبار بوو و دەبێ بە تەواوەتی هەڵوەشێتەوە.
نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتریش جەختی کردبوو کە ترەمپ دەبێ لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بێتە دەرەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک بەردەوام بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە هی هەموو کۆمەڵگەی جیهانییە، ڕایانگەیاندووە کە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش دەبێ هەر بمێنێتەوە.
ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا،، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.
"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.
ستراتژیی دوژمنکارانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بە دان پێدانانی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەموو بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ هێناوە.