ڕۆحانی : ڕێگەی بەرەنگار بوونەوەی كێشەكانی جیهانی ئیسلام، چاولەدەست بوون و پشت بەستن بە زلهێزانی جیهانی نییە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێزدەهەمین کۆنفرانسی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی وتی : ڕێگەی بەرەنگار بوونەوەی كێشەكانی جیهانی ئیسلام، چاولەدەست بوون و پشت بەستن بە زلهێزانی جیهانی نییە .
حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەم کۆنفرانسە دوو ڕۆژەیە دا کەبە ئامادەبوونی چل ویەک وڵاتی ئیسلامی لە تاران بەڕێوە دەچێت وتی : ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی و دەسەڵاتی سیاسی هەموو وڵاتان، ڕێگەچارەی بنبڕکردنی گرفتەکانی ئوممەتی ئیسلامی بە هاتنەدی هاودڵی وهاوکاری هەموو وڵاتانی ئیسلامی دەزانێ .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بەمەی هەندێ وڵات کە لەژێرکارتێکەریی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەست دەدەنە بۆشایی نانەوە لە نێوان ئوممەتی ئیسلامی وتیشی : گرینگترین هۆی تێکدرانی سەقام و هێوری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین درێژەی دەستدرێژکاری و داکۆکی لایەنگرانە و بێ وێنەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕژێمی زایۆنیستی و بێ بەشکرانی گەلی فەلەستین لە مافی سەرەتایی خۆیان لە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی بە پێتەختایەتیی قودسە .
ڕۆحانی ئاماژەی کردە لەناوچوونی ڕەوتی توندڕەویی داعش و دەوری کارتێکەری ئێران لە بەرەنگار بوونەوەی ئەم ڕەوتە و وتیشی: یەکێک لە قازانجە سەرەکیەکانی شگستی ڕەوتی لاڕێی توندخوازی داعش ، گەڕاندنەوەی پرسی فەلەستین بۆ جێگە و پلەی سەرەکی خۆی وەک ئەولەویەتی یەکەمی بەرنامەی کارسی سیاسی ئوممەتی ئیسلامییە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران متمانەی دەربڕی کە ئوممەتی ئیسلامی و دەوڵەتانی ئیسلامی ، پرسی قودس وەک ڕووگەی یەکەمی موسوڵمانان هیچکات لە بیر ناکەن و وێڕای پێداگری لەسەر یەکێتی و یەکبوونیان و دووری کردن لە دوبەرەکی ، بۆ گەراندنەوەی هەموو فەلەستینییەکان بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی لە هەموو سەرزەوینی فەلەستین و لەسەر پێتەختایەتیی قودسی پیرۆز، هەوڵەکانی خۆیان دوو ئەوەندە دەکەن .
رۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئێران پێوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بە پێی دۆستایەتی و رەئفەتی ئیسلامی دیاری دەکات پێداگری کرد : ئێران هیچ وڵاتێکی ئیسلامی بە خەنیمی خۆی نازانێ و لەسەر ئەوباوەڕەیە تەنانەت لەگەڵ وڵاتانێک کە ناکۆکی بیروڕای لەگەڵیان دا هەیە دەتوانێ بە پێی ڕێزی بەرامبەر ، وتووێژ و هاوکاری بکات .