برووجردی خوازیاری داکۆکی پراکتیکی و کردەیی وڵاتانی ئوروپایی بوو لە جێ بەجێ کرانی (ڕێککەوتنی ناڤۆکی)
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، خوازیاری هەنگاوی کردەیی یەکێتی ئوروپا بوو بۆ داکۆکی لە جێ بەجێ کرانی تۆکمەو تەواوی ھەنگاوی ھاوبەش.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، عەلائەدین برووجردی دوێنێ چوارشەممە لە حەوتەمین کۆڕی هاوبەشی پەرلەمانیی ئێران وئوروپا لە ڤیەن، وێڕای پێشوازی لە هەڵوێستەکانی یەکێتیی ئوروپا لەداکۆکیی کردن لە ھەنگاوی ھاوبەش، وتی: ڕێککەوتنی ناڤۆکی و نەمانی گەمارۆکان، بوارخۆشکەرە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەڵام کاردانەوەی وڵاتانی ئوروپایی نەیتوانیەوە چاوەڕوانییەکانی گەلی ئێران لە ھەنگاوی ھاوبەش، دابین بکات.
برووجردی وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ لەگوشارنانی کۆمپانیاو بانکە ئوروپییەکان، هەوڵدانی یەکلایەنەی واشنگتۆنی بەجۆرێک سووکێتی کردن بە بڕیارە گشتییەکانی کۆمەڵگای جیهانی زانی.
سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی پەیوەندییەکانی ئێران لە پەرلەمانی ئوروپاش وێڕای بیرخستنەوەی پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھەنگاوی ھاوبەش، ڕەخنەیان گرت لە سیاسەتی یەکلایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
نوێنەرانی پەرلەمانی ئوروپا هەروەها خوازیاری درێژەی وتووێژی راستەوخۆ بۆ نزیک بوونەوەی هەڵوێستەکان و تیشک خستنەسەر خاڵە هاوبەشەکان بوون لە جێ بەجێ کرانی هەرچی باشتری ھەنگاوی ھاوبەش.
یانوش لێواندۆفسکی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی ئێران لە پەرلەمانی ئوروپا بەپێداگری لەسەر بەسوودبوونی سەفەری ئەم دواییەی بۆ ئێران، وتووێژی بە باشترین ڕێگا زانی بۆ نزیکبوونەوەی هەڵوێستەکانی دوولایەن.