رۆحانی: ئێران نەیاری ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە سووریا بێ ئیزنی ئەو وڵاتەیە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: تاران نەیاری ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریایە بێ ئیزنی حکومەت و گەلی ئەو وڵاتە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەپەیوەندییەکی تەلەیفونی دا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بەئاماژە بەوەی کە درێژەی کێشە و قەیران لە باکووری سووریا بە قازانجی هیچ لایەنێک نییە، هیوای خواست: هەموو وڵاتانی ناوچە ڕێزبگرن لە یەکپارچەیی خاک وسەروەریی سووریا.
رۆحانی بەئاماژە بەگرینگایەتی هاوکارییە هاوبەشەکانی تاران، ئانکاراو مۆسکۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و گەڕاندنەوەی هێمنی و سەقام بۆ سووریا، وتی: ئەو هاوکارییانە پێویستە هەتا سەرکەوتنی یەکجاریی خەڵکی سووریا بەسەر تیرۆریستان بەهێز بکرێ و درێژەی بێت.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکانی تاران-مۆسکۆشی بە ڕوولەگەشە زانی و جەختی کرد لەسەر پێویستیی جێ بەجێ کرانی خێراتری ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکان.
رۆحانی هەروەها بەئاماژە بە کردەی دوژمنکارانەی هەندێ وڵات لەدژ ڕێککەوتنی ناڤۆکی، وتی: ئێران هەروا پێبەند دەمێنێ بە بەڵێنییەکانی لەمەڕ هەنگاوی هاوبەش هەتا کاتێک کە لایەنی بەرامبەر پێبەندی بێت، و لەو ئاراستەدا، پێویستە پێش بگیردرێ بە کردەی تێکدەرانەو چەواشەکارانەی ژمارێک وڵات لەدژ ڕێککەوتنی ناڤۆکی.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بەئاماژە بە دۆخی شپرزەی خەڵکی یەمەن و درێژەی بۆردومانەکان و تەشەنای نەخۆشییەکان لەو وڵاتە، تۆمەت پاڵدانەکانی واشنگتۆن و ڕیاز لەمەڕ ناردنی مووشەک لە ئێرانەوە بۆ یەمەنی ، بە پڕووپاگەندەیی و پڕووپووچ زانی و جەختی کرد: هێنانەئارای ئەو تۆمەت وبوختانە بێ بنەمایانە، تەنیا هەوڵدانێکە لەدرێژەی کردەکانی حکومەتی ترەمپ بۆ لاوازکردنی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام).
پووتین هەروەها بەئاماژە بە پرسی سووریا، سەرکەوتنی دانیشتنی سووچی بە دەسکەوتی هاوبەشی ئێران، ڕووسیاو تورکیا زانی و وتی: هەوڵی هەندێ وڵاتی واوەناوچەیی بۆ پڕچەک کردنی تیرۆریستان و پارچە پارچەکرانی سووریا جێی نیگەرانییەو ئامادەبوونی هەرچەشنە هێزێکی سەربازی لە خاکی وڵاتێکدا، دەبێ بە ئیزنی حکومەتی ئەو وڵاتەو یان بە ئیزنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بێ و پێچەوانەکەی، دەسوەردانی ئاشکرا لەکاروباری وڵاتێکی سەربەخۆ دێتەئەژمار.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەروەها ڕەوشی خەڵکی یەمەنی بە شپرزەو جێی نیگەرانی زانی و جەختی کرد لەسەر پێویستیی هەوڵدانی هەموو وڵاتان بۆ بەهێزکردنی پێوشوێن گرتنی ڕێکارگەلی ئاشتیانەو گەڕاندنەوەی هێمنی و ئاسایش بۆ ئەو وڵاتە.
پووتین هەروەها باسی یەکجاریی کرانی دانوستانی هاوپێوەند بە ئامادەکرانی ڕێککەوتننامەی کاتی کرد لەهێنانەدی ناوچەی تیجارەتی ئازاد لەنێوان ئێران ویەکێتیی ئابووریی ئورئاسیاو وتی: بەئیمزاکرانی یەکجاریی ئەو سەنەدە، هاوکاریی دوولایەن، دەچێتە نێو قۆناخێکی نوێوە.