ئادار 05, 2018 16:50 Asia/Tehran
  • شەمخانی: بەهێزکرانی توانای بەرگریی ئێران، لەئاراستەی جێ بەجێ کرانی سیاسەتی پێشگرانەیە

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، وتی: بەهێزکرانی توانای بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت دەسەڵاتی مووشەکی، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگر لەپێناو جێ بەجێ کرانی سیاسەتی پێشگرانەیە.

عەلی شەمخانی ئەمڕۆ دووشەممە لەدیدار لەگەڵ ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لەتاران وتی: توانای بەرگریی ئێران جێی مەترسی بۆ هیچ وڵاتێک نەبووەو گەشەپێدانی، بێ ئەوەی بکەوێتەبن کارتێکەریی فەکتەرە سیاسییەکان، بەشێکە لە پێداویستییە ئاسایشییەکان.

شەمخانی هەروەها بەئاماژە بە هەوڵی ئێران بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی تیرۆریزم لە عێراق و سووریا، وتی: بەرەنگارنەبوونەوەی خەرجهەڵگری تیرۆریزم لەلایەن ئێرانەوە، دەیتوانی ببێتە هۆی تەشەناکردنی ئەو قەیرانەو ناهێمنی و ناجێگیریی لە ئوروپادا بۆ وێنە لە فەڕانسە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران ئاماژەی کردە ئامادەبوون و چالاکیی ئازادانەی گرووپە تیرۆریستییە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەڕانسە و وتی: بەرەنگارنەبوونەوەی فەڕانسە لەدژ گرووپە تیرۆریستییەکانی ئامادە لەو وڵاتە کە دەستیان بووە لە تیرۆرکردنی هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوانی ئێران، لەدژ بەرپرسایەتی نێودەوڵەتیی فەڕانسەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا.

شەمخانی هەروەها بەپێداگری لەسەر پێویستیی خێراکردنی ڕەوتی جێ بەجێ کرانی تەواو و تۆکمەی بەڵێنی لایەنە ئوروپییەکان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، وتی: سیاسەتی ئوروپا لە ئیمتیازدان بە ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی(هەنگاوی هاوبەش) نادروست و بەمانای ناکارایی و پێملبوون لەهەمبەر کایەی دەروونی دۆناڵد ترەمپە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بڕیارنامەی ئەم دواییەی پێشنیارکراوی ژمارێک وڵاتی ئوروپایی سەبارەت بە یەمەنیشی بە هیوابڕ و بەنیشانەی خەمساردیی وڵاتانی ڕۆژاوا لەحاند ڕەگەزکوژیی و پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە یەمەن و کارەساتە مرۆییەکان لەو وڵاتە، لێکدایەوە.

ژان ئیڤ لۆدریانیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای ڕیزگرتن لە هەڵس وکەوتی چالاکی ئێران لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی و جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی بەڵێنییەکان وتی: فەڕانسە وێڕای پێداگریی لەسەر پێویستیی پێبەندبوونی لایەنەکانی واژۆکەری ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە بەڵێنییەکانیان، هەڵوێستی ئەمریکا بە مایەی سست و لاوازکردنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە دەزانێ و لەگەڵیدا نەیارە.

لۆدریان بەئاماژە بەو هەنگاوانەی لەلایەن فەڕانسەو گشت وڵاتانی ئوروپایی بەئامانجی ئاسانکاریی بۆ ڕەوتی ئاڵووێرە بانکییەکان لەگەڵ ئێران لەئارادایە، وتی: بەزوویی ڕێکارگەلێکی نوێ بۆ کرانەوەی جیددی لەپەیوەندییە دراڤی وبانکییەکانی نێوان ئێران و فەڕانسە ڕادەگەیێندرێ.

سەرپەیڤ