زەریف: هەڵەی چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بۆ ئەمریکا دەردناک دەبێ
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بەسەرنجدان بەوەی وا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەمەڕ لێکۆڵینەوەو گەشەپێدان بەرچاو کراوەو هەوڵەکانی ئێران بۆ گەشەپێدانی ئاشتیانەی توانای ناڤۆکیی خۆی، ئەگەر ئەمریکا هەڵەی چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ئەنجام بدات، بێگومان هەڵەیەکی دەردناک دەبێ بۆ واشنگتۆن.
محەممەد جەوادی زەریف سەرلەئێوارەی دوێنێ هەینی لە کاتی گەڕانەوەی لە ئاستانە بەرەو تاران لەنێو پەیامنێراندا وتی: دۆناڵد ترەمپ لەو رۆژەوە بووەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکاو تەنانەت پێش ئەوەش، هەوڵی خۆی دا بۆ لەبەین بردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و لەگشت ئەو سەردەمەدا، ئەمریکا لەجێ بەجێ کردنی بەرجام(هەنگاوی هاوبەش) پێشێلکاریی زۆری ئەنجام داوە.
زەریف بەئاماژە بەوەی کە تاران خۆی ئامادەکردبوو بۆ بارودۆخی جۆراوجۆر، لەکاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، وتی: لەو ڕێککەوتنەدا بەتەواوەتی پێش بینی کراوە کە ئەگەر ئێران نەتوانێ سوود وەربگرێ لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ، چ هەنگاوگەلێک هەڵدەگرێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی کردە سەردانەکەی بۆ کۆماری ئازەربایجان و قەزاقستان لەدوو رۆژی ڕابردووداو وتی: لەباکو، یەکەمجار دانیشتنی چوار قۆڵیی بەئامادەبوونی ئێران، کۆماری ئازەربایجان، تورکیاو گورجستان بەڕێوە چوو و ئەو هاوکارییە چوار قۆڵییە کارێکی نوێ بوو.
زەریف بەئاماژە بەوەی کە دانیشتنی ئاستانەش کە١٤مانگ بەسەر دەسپێشخەرییەکەی تێدەپەڕێ، توانیویەتی جگە لەکەم کردنەوەی کێشەو قەیران لە سووریا، ببێتە مایەی چوونەسەری ئاستی یارمەتییە مرۆییەکان لەو وڵاتە، وتی: بەداخەوە ژمارێک وڵاتی رۆژاوایی هەردەم هەوڵیان داوە، ڕەوتی ئاستانە بەرەوڕووی ئاستەنگ بکەن و لەڕێگا جۆراوجۆرەوە کردەگەلێکیان ئەنجام داوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: لە چەند حەوتەی ڕابردوودا لەبەر سیاسەتی هەڵەی ئەمریکا تێکهەڵچوونی زیاتر لە سووریا ئەنجامی گرت.
زەریف هیوای خواست: لەڕێی ڕەوتی ئاستانەوە بکرێ بەرەنگاری ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا بەدیهاتووە، بدرێتەوەو ئەو وڵاتە بەرەو هێمنی زیاتر و درێژەی ڕەوتی سیاسی ببردرێ.