نیسان 13, 2018 08:59 Asia/Tehran
  • قاسمی: کاربەدەستانی فەرەنسا وەبن کارتێکەریی بانگەشەکانی پاشمیری سەعوودی نەکەون

وتەبێژی وەزارەتی دەرەروەی ئێران پێی داگرت: کاربەدەستانی فەرەنسا وەبن کاریگەریی بانگەشەکان و شەڕنانەوەکانی پاشمیری بێ ئەزموون و شەڕاشۆی سەعوودی نەکەون.

"بەهرام قاسمی" ئێوارەی پێنجشەممە لە کاردانەوە بە بەشێک لە بەیاننامەی هاوبەشی فەرانسا و عەرەبستان کە لە کۆتایی سەفەری "محەممەد بن سەلمان" بۆ پاریس دەرکراو و لەودا تۆمەتگەلێک خراوەتە پاڵ ئێران، وتی: ئەو چاوڕوانییە لە فەرانسا وەکوو وڵاتێکی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک ناکرێ وەبن کاریگەریی بانگەشە و تۆمەتە دووپات کراوەکان و درۆ و دەلەسەکانی عەرەبستان بکەوێ کە بەردەوام نەیارەتی دەکات لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی هاتوونەتە ئاراوە لە بەیاننامەی هاوبەشی فەرەنسا و عەرەبستان ، ئێران بەردەوام لە ئاراستەی پاوەجێیی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچە و خەباتی دژ بە تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەکان هەنگاوی هەڵگرتووە و وتووێژی نیوان وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە تەنیا ڕێگای گەڕانەوەی ئاسایش و هێوری بۆ سەر ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا دەزانێ.

قاسمی بە ئاماژە بەوەی کە بەرنامەی موشەکیی ئێران تەنیا مەسەلەیەکی ناوخۆییە و بەس وتی: کاربەدەستانی فەرەنسا دەزانن بەرنامەی مووشەکیی ئێران، بەرنامەیەکی پێشپێگرانە و بەرەڤانییە و دژ بە ئاسایش و قازانج و بەرژەوەندییەکانی هیچ وڵاتێک نییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بانگەشەکانی نێو بەیاننامەی هاوبەشی فەرەنسا و عەرەبستانی ڕەت کردەوە سەبارەت بە بەڕێ کرانی چەک لە ئێرانەوە بۆ هەندێ گرووپ و وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ کاربەدەستانی فەرەنسا دەبێ بە پێی ویست و خواستی بیر و ڕای گشتیی خەڵکی فەرەنسا ، بەسیاسەتەکانیاندا لەمەڕ هەناردە کردنی چەک بۆ عەرەبستان بچنەوە لەبەر ئەوەی کە ڕژێمی سەعوودی  هەر بەو چەکانە خەڵکی یەمەن لە خاک و خوێن دا دەگەوزێنێ.

سەرپەیڤ