ئێران ، پەلاماری سەربازیی ئەمریکا بۆسەر سوریای ئیدانە کرد
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆسەر خاکی سوریای ئیدانە کرد و سەبارەت بە دواهاتی ناوچەیی و واوەناوچەییەکەی وشداری دا .
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێران بە پێی یاساوڕێسای شەرعی، یاسایی و ئەخلاقی نەیاری بەکارهێنرانی چەکی شیمیاییە و هەروەها بیانوو نانەوە بۆ دەستدرێژکاری بۆسەر وڵاتێکی سەربەخۆی بە توندی ڕەتکرد و ئیدانەی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە دەستدرێژکاری بۆ سەر سوریا بنپێکردنی ئاشکرای یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە و لەبەرچاونەگرتنی مافی سەروەری نەتەوەیی و سەروەی خاکی ئەم وڵاتەیە وتیشی : بێ گومان ئەمریکا و هاوپەیمانانی کە بێ بوونی هیچ چەشنە بەڵگەیەکی بڕواپێکراو بەرلە ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی ،بەدژی سوریا دەستیان داوەتە هەڵمەتی سەربازی و خۆیان لەجێگەی دادوەر و پۆلیسی جیهانی داناوە، بەرپرسی دواهاتی ناوچەیی و واوەناوچەیی ئەم ڕووداوەن و دەبێ وڵامی دواهاتەکانی بدەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: دەستدرێژکاری سەربازیی ئەمریکا بۆسەر سوریا لە بارودۆخێک دایە کە واشینگتۆن چەند ڕۆژ لەمەوبەر پێشی بە سزادرانی ڕژێمی زایۆنیستی گرت لەبەر تاوانکارییەکانی لە غەززە هەتا جارێکی تر سیاسەتی لایەنگرانەو ستانداردەکانی دووفاقیانەی خۆی زۆرتر لە ڕابردوو بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێداگری کرد : ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی سەربەخۆی جیهان دەبێ ئەم کارە سەرەڕۆیانەیە و یەک لایەنەیە بە دژی سەروەری خاک و سەروەری نیشتمانی وڵاتێکی سەربەخۆی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەکان کە بێ گومان دەبێتە هۆی لاواز بوونی هەرچی زۆرتری بناغەکانی ئاشتی و هێوری جیهان و دەبێتە هۆی بێ سەقامی و ئاڵۆزی هەرچی زۆرتر لە ناوچە و بەهێز بوونی توندڕەوی و تیرۆریزم، بەتوندی ئیدانە بکات و ئەرکی مێژوویی خۆی لە بەرامبەر ئەم چەشنە کردەوە و بشێوییانەی نێودەوڵەتی ،جێبەجێ بکات.