ڕێبەری باڵای شۆڕش: هێرش بۆسەر سووریا تاوانکارییە، ئەمریکا وەک ڕابردوو بێگومان شکست دێنێ
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، هێرشی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا، بەریتانیاو فەڕانسە بۆسەر سووریای بە تاوانکاریی زانی و وێڕای بەدرۆزانینی بانگەشەکانیان لەمەڕ نەیارەتی لەگەڵ کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی، پێی داگرت: کۆماری ئیسلامی وەک ڕابردوو لەتەنیشت گرووپەکانی خۆڕاگری ئامادە دەبێ وئەمریکاش بێگومان لەگەیشتن بەئامانجەکانی لەناوچەدا، هەرەس دێنێ و بێ ئاکام دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەدیداری ژمارێک لەبەرپرسانی نیزام، باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی وچین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، سەرۆک کۆماری فەڕانسەو سەرۆک وەزیرانی ئینگلیزی بەتاوانکار زانی و پێی داگرت: ئەمریکییەکان هەروەک چارەنووسی عێراق و ئەفغانستان، لەو چەشنە تاوانکارییانە لە سووریا، هیچ قازانجێک ناکەن.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، رەفتارەکانی ئەمریکاو ژمارێک وڵاتی رۆژاوایی سەرچاوەگرتوو لە ئامانجە ئیستعمارییەکان و"دیکتاتۆریەتی نێودەوڵەتی"ی ئەوان زانی و فەرمووی: هەڵبەت دیکتاتۆرەکان لەهیچ شوێنێکی جیهان بەئاکام ناگەن و سەرکەوتوو نابن و بێگومان ئەمریکاش لەمسۆگەرکردنی ئامانجەکانی لەناوچەدا، بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە.
بەڕێزی هەروەها فەرمووی: ئامانجی ئەمریکییەکان، تەنیا سووریاو عێراق و ئەفغانستان نییە بەڵکوو ئەوان، لەهەوڵی زەبر وەشاندن لە ئۆممەتی ئیسلامی و ئیسلامن، بۆیە حکومەتە ئیسلامییەکان نابێ لەخزمەت ئامانجەکانی ئەمریکاو ژمارێک وڵاتی دەسدرێژکاری ڕۆژاواییدابن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی فەرمووی: هۆی ئامادەبوونی ئێران لە سووریاو لەناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا، یارمەتیدانی ئەو خۆڕاگرییە بوو کە لەبەرامبەر ستەمدا هەبوو و بەرەی موقاوەمە لەسای ئەو یارمەتییانەی پێیکرا و بەهۆی بوێریی هێزە سوورییەکان توانی بەسەر تیرۆریستانێکدا زاڵ بێ و هەرەسیان پێ بێنێ کە لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژاواییەکان وبەکرێگیراوانی ئەوان بۆ وێنە، ئالی سەعوود سەریان گرتبوو و پێکهاتبوون.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە لەهەر شوێنێک مەزلوومێک پێویستی بەیارمەتی بێت، کۆماری ئیسلامی لەوێ ئامادە دەبێ، فەلسەفەی پێداگریی و سووربوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داکۆکی لە پرسی فەلەستینی هەرلەو ئاراستە لێکدایەوە و فەرمووی: گەلی فەلەستین لەسای خۆڕاگری، ئێستا بووە بە فەلەستینێکی بەهێز و بێگومان، سەرزەوینی فەلەستین دەگەڕێنرێتەوە بۆ گەلەکەی.