شەمخانی: ڕێککەوتنی ناڤۆکی، تاقیکاریەکی مێژووییە بۆ کارامەیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتی: سەرکەوتن یان شکست هێنانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی وەک ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئاسایشی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان پشت ڕاست کراوەتەوە، تاقیکاریەکی مێژووییە بۆ لێکدانەوەی کارتێکەریی مەنتقی وتووێژ لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەو هەروەها ئاستی کارامەیی دەم ودەزگە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەی فەرماندەرانی هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەتاران بەئاماژە بە لێدوان و کردەی دۆناڵد ترەمپ لەمەڕ پرسی ڕێککەوتنی ناڤۆکی وتی: ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕێککەوتن و بەڵێنی حکومەتی پێش خۆی قەبووڵ نییە، بێگومان هیچ وڵاتێک ئامادە نابێ دانوستان بکاو لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوێ چونکە ئەو ئەگەرە دێتەئاراوە کە حکومەتەکانی دواتریش بەڵێنیەکانی حکومەتی ئێستا ڕەت بکەنەوە.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک(ئینگلیز، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) لە ژانڤییەی٢٠١٦ـەوە جێ بەجێ کراوە بەڵام حکومەتی ئەمریکا وەک یەک لەئەندامانی ئەو گرووپە هەردەم لەڕەوتی جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنەکە پەیمان شکێنی دەکا، دۆناڵد ترەمپ خوازیاری گۆڕانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بووەو دەڵێ ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەگۆڕێ، ئەمریکا لێی دەکشێتەوە.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەئاماژە بەهەوڵی دوژمنکارانەی دوژمنان بۆ زەبر وەشاندن لە نیزامی ئیسلامی وتی: دوژمنان لەو ئاراستەدا لەئامرازی جۆراوجۆری سیاسی،کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و درۆکردن سوود وەردەگرن.
شەمخانی هەروەها بەئاماژە بە هەوڵی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی لەدانانی بژارەی ساختەی تەسلیم بوون یان شەڕ لەهەمبەر بیروڕای گشتی، وتی: دوژمن ئاگاداری باڵادەستیی سیاسی وئامادەیی سەربازی و ئاسایشیی کۆماری ئیسلامییە لەبوارە ناوخۆیی و دەرەوەییەکان.