ھەوڵی پەمپێئۆ بۆ پاسادانی کارەکەی ترەمپ
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە ھەوڵدانێکدا بۆ پاسادانی کردەوەکەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی لەمەڕ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی بەرجام ڕایگەیاند: بەدوای ڕێگاچارەیەکی ڕاست بینانەین دژی ھەڕەشەکانی ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دوای بڕیارەکەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ھەنگاوی ھاوبەش بانگەشەی کرد کە ھۆکاری ئاوا بڕیارێک بۆ ھاوکاری لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان دەگەڕێتەوە لە ئاراستەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ڕاست بینانەو تۆکمەو پاوەجێ دژی خۆی وتەنی ھەڕەشەکانی ئێران.
مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دوپات کردنەوەی بانگەشەگەلێکی پوچەڵی دژی ئێرانی و بۆ کەم کردنەوەی ئاستی ڕەخنە جیھانییەکان بە تایبەت گلەوگازندەی ئەورووپا لە بەر ئەو ھەنگاوەی ترەمپ وتیشی: سەرباری ئەوەی کە ئێمە لەو ڕێککەوتنەی ئێران کشاوینەتەوە، بەڵام دیارە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان لە ئەورووپاو سەرتاسەری جیھان بۆ پێشگرتن بە پەرەسەندنی چەکی ناڤۆکیی ئێران بەرژەوەندیی ھاوبەشمان ھەیە.
بانگەشەکانی وەزیری تازەو دژی ئێرانیی ترەمپ لە ھەل و مەرجێکدا دێنە ئاراوە کە دەستبەجێ دوای ڕاگەیەندرانی بڕیاری کشانەوە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە بەرامبەری دا کاردانەوەی لە خۆی پیشاندا و ھەرھەموو لە سەر مانەوەی ھەنگاوی ھاوبەش(بەرجام) و ھاوکاریی بەبێ ئەمریکا جەختیان کردووە.
ھەر لەم حاڵەدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیش لە وتاردانەکەی دا دوای بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: لەمەوبەدوا بەرجام ڕێککەوتنێکە لەنێوان ئێران و پێنج وڵاتی واژۆکەری ڕێککەوتنەکە.
جێگای ئاماژەیە
داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.
ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا وڵاتانی جۆربەجۆر پشتگریی خۆیانیان بۆ ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاندووە.