بەیاننامەی نوێنەرانی مەجلیسی ئێران لەمەڕ شەرمەزار کردنی ھەنگاوەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی
نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران داوایان لە دەوڵەت کرد ھەتا بڕگەی سێی یاسای دەستەڵات نواندنی بەرامبەر و ھاوتەریب لە ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکەدا، ڕەچاو بکات.
نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ئەمڕۆی مەجلیس دا، لە بەیاننامەیەک دا وێڕای شەرمەزار کردنی ھەنگاوەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، ڕایانگەیاند:سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەپێچەوانەی داب و نەریتی نێونەتەوەیی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کشایەوەو نیشانی دا کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە، ڕژێمی زایونی و ھێندێک لە کۆنەپەرستانی عەرەب و مونافقین لە بەرەیەک دان دژی گەلی ئێران.
لە بەیاننامەکەی نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران دا ھاتووە: بێ گومان ئەمە تاقیکارییەکی گەورەیە بۆ خەڵکانی جیھان بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپیی واژۆکەری ڕێککەوتنەکەو ڕووسیاو چین کە ئایا لە ھەمبەر زێدەخوازییەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەوەستن بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە دەرکەی دانوستان و ھاریکاری لە ئاستی دنیادا ھەروا لە سەر پشت بێت و یان لە پاوانخوازی و زۆربێژی و کرداری نالۆژیکانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پشتگری دەکەن.
بەگوێرەی بڕگەی سێی یاسای ھەنگاوی بەرامبەر و ھاوتەریب لە ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی دا، دەوڵەت لە سەریەتی ھەرچەشنە لادانێکی لایەنی بەرامبەر لە بواری ھەڵوەشاندنەوەی کاریگەری بایکۆتەکان و یان گەڕاندنەوەی بایکۆتە ھەڵوەشاوەکان و یاخود دانانی بایکۆتی تازە لەژێر ھەر ناوێکدا بەوردی پێ و شوێن بگرێت و ھەنگاوی بەرامبەر لە ئاراستەی دەستەبەر کردنی مافی گەلی ئێران ھەڵگرێ و ھاوکارییە خۆبەخشەکانی ڕاوەستێنێ.
داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد و باسی گەڕاندنەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی سەر ئێرانیشی کرد.
ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە لایەن سێ وڵاتی ئەوروپیی واژۆکەری بەرجام ڕەخنەی لێگیراوە، ھەتا ئەو جێگایەی کە لە بەیاننامەیەکی ھاوبەش دا داوای دان بەخۆداگرتنی ئێرانیان کردووە و لە سەر پێبەند بوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی جەختیان کردووەتەوە.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژوییەی ٢٠١٥ەوە واژۆکراو لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـدا چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بە داسەپاندنی بایکۆتی تازە ، لەمپەر قوت کردنەوەو پەیمان شکاندنی بەردەوام ڕێگری دەکرد لە بەھرەوەرگرتنی ئێران لە سەرەتییەکانی ڕێککەوتنەکە.