تەختی ڕەوانچی : بێتوو ئەورووپا دەستەبەری مسۆگەر نەدات ئێران ڕێگاو شێوازی خۆی دەگۆڕێ
جێگری سەرۆکی ڕامیاریی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد : بێتوو ئەورووپا نەتوانێ دەستەبەری پێویست بۆ دابینکردنی قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستەبەری مسۆگەر بکات بێ گومان تاران شێوازی دیکە دەگرێتە بەر لەبەر ئەوەی کە ئامادە نیە بەهەر مەرجێک لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دا بمێنێتەوە.
"مەجید تەختی ڕەوانچی" شەوی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران و ئەورووپا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە و ستراتژیی شیمانەیی ئەورووپا بۆ درێژخایەن کردنی ئەم دانوستانانە جەختی کرد: هەڵوێستی ئێران بۆ ئەورووپاییەکان سەبارەت بە مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕوون و ئاشکرایە و درێژخایەن کردنی ئەو دانوستانانە کارێکی هەڵەیە.
جێگری سیاسیی سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران، سەبارەت بەو چەشنە گەرەنیتییەی کە ئەورووپاییەکان دەبێ لە دانوستاندا بە ئێرانی بدەن، وتی؛ بە زمان داکۆکی کردن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هیچ سوودێکی نییە و بایکۆتەکان دەبێ هەڵوەشێننەوە و ئێران دەتوانێ درێژە بدات بە چالاکیی ئابووری کە پێشتر لە چوارچێوەی بەرتەسکییەکی بایکۆتی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجومەنی ئاسایش بەروڕووی بۆتەوە.
ناوبراو وتیشی: دوابەدوای چوونەدەری "دۆناڵد ترەمپ" لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕژێمی زایۆنی و یەک دوو وڵاتی تر نەبێ، هەموو وڵاتانی جیهان هەڵوێستی دژ بە هەڵوێستەکەی ئەمریکایان گرتە بەر کە ئەوە پیشاندەری تەریک کەوتوویی واشینگتۆن لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە.
جێگری سیاسیی سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە پرۆژەی گەورە کردنی پرسەکانی نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی شکستی هێناوە، رایگەیاند: بەرنامەی مووشەکی هێڵی سووری ئێرانە و پرسەکانی هاوپێوەند بە مووشەک و ناوچە بۆ لێکدانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نابن.
تەخت ڕەوانچی ئامادە بوونی ئێران لە پرسە ناوچەییەکانی بە چالاک و لە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا زانی و وتیشی: ئەو ئامادەبوون و هاوکارییە لە ئاراستەی ئاشتی و پاوەجێی ناوچەیی بووە، لەبەر ئەوەی کە ئێران لە پرسە ناوچەییەکاندا هۆگری وتووێژ و دانوستانە.