بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش لە تاران
کۆبوونەوەی کارناسیی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەبەستی لێکدانەوەی دواهاتەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و لە پێناو دیتنەوەی ڕێکاری بە کردەوە بۆ دابین کردنی داخوازەکانی تاران و بەرەنگاربوونەوەی دواهاتەکانی گەڕانەوەی بایکۆتە نایاساییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران ، سەر لە بەیانی و ئێوارەی پێنجشەممە لە تاران بەڕێوە چوو.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە پێی بڕیاری کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش لە ٢٥ی مانگی مەی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، یەکێتیی ئەورووپا، کۆمیسیۆنی ئەورووپا و وڵاتانی چین، فەرەنسا، ڕووسیا، ئەڵمان و بەریتانیا لە ڤییەنا بەڕیوە چوو، بە چڕبوونەوە لە سەر لێکدانەوەی دواهات و کاریگەرییەکانی چوونەدەری نایاسیای ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕێگاکانی قەرەبوو کردنەوەی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا و دابین کردنی داخوازە یاساییەکانی تاران خرایە بەر باس و لێکدانەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی ڕاوێژکارییەکانی یەک مانگی ڕابردوو دوابەدوای چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی ١+٥ و بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ دانی دەرفەتێکی بەرتەسک بە گرووپی ٤+١ بۆ ڕازی کردنی ئێران پێکهات.
ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشە کە لە تاراندا بەڕێوە دەچێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بانترین ئاستدا بە شی کردنەوەی شەرت و مەرجەکانی خۆی بۆ مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جەختی کردووە کە بێتوو شەرت و مەرجە دڵخوازەکانی ئێران نەیەتە دی کە هەمان بەجێ هێنانی بە کۆمەڵی وادە و بەلێنەکانی هەموو لایەنەکان لەمەڕ هەڵگرتنی بایکۆتە زاڵمانەکانە، بە سەر مانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ئەچێتەوە.
پاش ئەوەی"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەی بە دووپات کردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی دژ بە ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک هاتە دەرەوە و ڕایگەیاند بایکۆتە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ماوەی سێ تا شەش مانگی دیکە هەموو سەر لە نوێ دادەسپێنرێنەوە بە سەر ئێراندا، دانوستانی وڵاتانی ئەورووپایی لەگەڵ ئێران بۆ پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە دەست پێبوو.
لەم ئاراستەیەدا وەزیرانی دەرەوە و دارایی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمان بە ناردنی نامەیەک بۆ ئەمریکا جەختیان کردووە لە سەر پێبەند بوونی وڵاتەکانیان بە پاراستنی ڕێککەوتنتی ئەتۆمی.
لەم نامە هاوبەشەدا کە لە لایەن "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا واژۆ و مۆر کراوە، وەزیرانی ئەورووپایی داوایان لە دەوڵەتی ئەمریکا کردووە ئەو کۆمپانییە ئەورووپاییانە لە بازنەی بایکۆتەکانی دژ بە ئێران بێنێتە دەرەوە کە پاش جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئێراندا سەرمایەیان ناوەتەوە.