خەرازی : بەرژەوەندییەکانی ئێران دەبێ لەبەرجام دەستەبەر بکرێت
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندی دەرەوەیی ئێران وتی : ئیرادەی سیاسی ئەورووپا بۆ داکۆکی کردن لە بەرجام دەبێ ببێتە هۆی دابینکرانی بەرژەوەندییەکانی ئێران .
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، سەید کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندی دەرەوەیی ئێران کە لە ئاڵمانیا دایە ، ڕۆژی سێ شەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ نیلس ئانێن وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەیی ئاڵمانیا وتی : داکۆکیی ئەورووپا لە بەرجام سەباری ئەوەی پشتیوانی لە ڕێککەوتنی گرینگی نێودەوڵەتی دەکات یارمەتی دەداتە پرسی ئاسایشی ناوچەش.
خەرازی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی ئامانجی ئەمریکا ئاڵۆزی نانەوە و تێکهەڵچوون لە ناوچەیە و کارتێکەری نەرینی ئەم ئامانجە دەتوانێ بگاتە ئەورووپاش وتی : ئەگەر ئەورووپا سەبارەت بە بەرجام لەبەرامبەر ئەمریکا بێ دەنگ بێت، گوشاری زۆرتر لەلایەن ئەمریکاوە لە پرسەکانی دیکە بەسەری دادەسەپێندرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندی دەرەوەیی ئێران پێداگری کرد : ئەوەی ئیرادەی سیاسی ئەورووپا بۆ داکۆکی لە بەرجام کردەوەیی بێت زۆر گرینگە چونکە ئەگەربەرژەوەندییەکانی ئێران لەم ڕێککەوتنە دابین نەکرێت ، هۆیەک بۆ مانەوەی ئێران لە بەرجام نامێنێتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندی دەرەوەیی ئێران و وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا هەروەها لەم چاوپێکەوتنەدا سەبارەت بە پێوەندی دوو لایەنە و پرسە جۆربەجۆرەکانی ناوچەیی لەوان پرسی هاوپێوەند بە سوریا و یەمەن و گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئەورووپا لە پرسە جۆربەجۆرەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە.