زەریف: ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ، چاوەڕێی ئوروپا نابێ
وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بە دانوستانەکانی ئێران و ئوروپا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئێران لەمەڕ ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەعتەل و چاوەڕێی ئوروپا نابێ.
"محەممەد جەوادی زەریف" دوێنێ شەممە لە پەراوێزی پەیمان نوێکردنەوەی باڵوێزان، کارگێڕان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئارمانجەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر گڵکۆی ئیمام خومەینی(ڕە) وتی: ئێران لەئاستی پراکتیکی بەڕادەی پێویست، شایەتی هەنگاوهەڵگرتن و هەوڵدانی وڵاتانی رۆژاوایی و ئەندامانی ماوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە .
زەریف بەئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ بڕیاردەری سەرەکیی سیاسەتی ئەمریکا بێنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنییە، وتی: ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی لە سیاسەتی لەئێران ترساندندا گۆشەنشین و تەریک خراوەن و نزیکترین هاوپەیمانەکانیان هاوڕێتیان ناکا.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: رژیمی زایۆنیستی و ئەمریکا ئەمڕۆ ژووری شەڕی ئابووریان دروست کردووە هەتا ئێران ناچار بە گۆڕینی ڕەفتار بکەن، بەڵام لەو هەوڵەدا لەگەڵ پاڵپشتیی بەربڵاو بەرەوڕوو نەبوون و زۆرێ لە وڵاتان کردەی بەرامبەر ڕەچاو دەکەن بۆ نەیارەتی کردنی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی.
وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو باڵویزان و سەرۆک نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، سەرلەبەیانی دوێنێ شەممەش لەگەڵ حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیداریان کرد.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەو چاوپێکەوتنەدا فەرمووی: دانوستان لەگەڵ ئوروپاییەکان نەپچڕێ بەڵام نابێ ماتەڵ و چاولەدەستی هەگبەی پێشنیارکراوی ئوروپا بمێنن بەڵکوو دەبێ کارو هەوڵی فراوانی پێویست لەناوخۆی وڵاتدا بکرێ.