لاریجانی : پێویستە وردەبابەتی پێشنیاری ئوروپاییەکان بکرێ بە ڕێکارنامەی کارگێڕیی
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتی: ئوروپاییەکان لەدانوستان لەگەڵ ئێراندا، چەند پێشنیارێکیان لەمەڕ فرۆشی نەوت، ڕێک و پێک کردنی کاروباری بانکی و هەناردەکان هێنایە ئاراوە کە وردەبابەتی ئەو پێشنیارانە دەبێ بکرێ بە ڕێکارنامەگەلی کارگێڕیی، بۆیە دانوستانەکان بەردەوامەو پێوشوێن دەگیردرێن.
عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە لەشاری قوم بەئاماژە بەوەی کە بەگشتی و لەئاستی باڵادا، پێشنیاری ئوروپییەکان گونجاوو لۆژیکانەیە، وتی: دانوستان لەگەڵ ئوروپاییەکان لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێوشوێن دەگیردرێ و بەزوویی ئاستی گۆڕینەوەی پێشنیاری ئوروپییەکان بە ڕێکارنامەی کارگێڕی دیاری دەکرێ و قۆناخی بڕیاردان لەبارەیانەوە دەس پێ دەبێ.
لاریجانی هەروەها وتی: بڕیاردرا، ئوروپاییەکان یاساو ڕێساگەلێک لەناوخۆی یەکێتی ئوروپادا ڕەچاوبکەن هەتا کاری بازرگانان و کڕین و فرۆشتن سەرباری ئابلۆقەکانی ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ بکرێ کە لەو لەوبارەوە خەریکە دانوستان دەکرێ.
پاش کردەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی(هەشتی مای٢٠١٨) و داوای وڵاتانی ئوروپایی بۆ پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە، ئێران دەرفەتێکی کەمی بە ئوروپییەکان دا هەتا دەستبەریی پراکتیکی بدەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەکاتی گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا، دابین بکرێ.
هەرلەوبارەوە، لە یەکەم دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئاستی وەزیرانی دەرەوە پاش چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە، شەشی ژوولای هەگبەی پێشنیارکراوی یەکێتی ئوروپا بەفەرمی ئاراستەی ئێران کرا.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ ئانگێلا مێرکل سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان، هەگبەی پێشنیارکراوی سێ وڵاتی ئوروپایی لەبارەی درێژەی ڕەوتی هاوکارییەکان هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە "هیوابڕاوانە" زانی.