ئه‌یلوول 30, 2018 14:47 Asia/Tehran
  • زەریف: مکانیزمی ئەورووپا ناکارامە بێ، ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دێتە دەرەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی؛ بێتوو مکانیزمی تایبەتی ئەورووپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش) کارامە نەبێ، ئێران لەو ڕێککەوتنە دێتە دەرەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە واشینگتۆن پۆست؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەل هەواڵنێراندا لە نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، سەبارەت بە پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: بێتوو مکانیزمی دانراو لە لایەن ئەورووپاییەکانەوە کارامە نەبێ، ئێران ئەگەری زۆرە لەو ڕێککەوتننامەیە بێتە دەرەوە.

دوابەدوای چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وڵاتانی ئەورووپایی بڕیاریان دا بۆ بەدیهێنان مکانیزمی تایبەت بە مەبەستی هاسان کردنەوەی ڕەوتی دان و وەرگرتنی دراوی هاوپێوەند بە هەناردە و هاوردەی ئێران تا لەو ڕێگایەوە چالاکانی ئابووری هان بدەن بۆ درێژە پێدانی سات و سەودای بازرگانیان لەگەڵ ئێران.

زەریف وتیشی: ئێران بەنیازە بە فرۆشتنی نەوت و ئەنجام دانی مامەڵە و سات و سەودای بازرگانی نێودەوڵەتی بە یەکە دراوییەکانی دیکە لە جیاتی دۆلار، زاڵ بێ بە سەر ئەو بایکۆتانەی ئەمریکا دایسەپاندۆتە سەر فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەمانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە وەڵام بەو پرسیارە کە ئایا ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە چوونەدەری ئێران لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بوار خۆش کات بۆ پەلاماری سەربازی کرانە سەر ئێران، راشکاوانە رایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا بڕوای بەوە بوایە کە لەو پەلامارەی بۆ سەر ئێران سەرکەوتوو دەبێ، ئەو کارەی تا ئێستا کردبوو.

بە پێی نووسینی واشینگتۆن پۆست لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئەمریکا بانگەشەی دەستێدابوونی ئێران لە شەڕ و پێکدادنەکانی سووریا، ئێراق، لوبنان و یەمەن دەکەن، زەریف بە زمانێکی ئینگلزیی پاراو لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیۆیۆرک ، ئەمریکای بە دەسدرێژی ناوچەکە ناساند.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ئەمساڵ بە شێوەی یەکلایەنە بە بنپێ کردنی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی واشینگتۆن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە بردە دەرەوە.

دەوڵەتی ئەمریکا پاش چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵێکی هەمەلایەنەی بۆ وەبن گوشار نانی ئێران دەست پێ کردووە و هەوڵ دەدات وڵاتانی دیکەیش هان بدات بۆ داکۆکی لە بایکۆتە یەکلایەنەکانی دژ بە گەلی ئێران.

 

سەرپەیڤ