ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی: پەیامە سیاسییەکانی حەججی شۆڕشی ئیسلامی بگەیێننە جیهانی ئیسلام
"حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی" ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لەدیداری ژمارێک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی حەجج، پێی داگرت لەسەر گەیاندنی پەیامە سیاسییەکانی حەججی شۆڕشی ئیسلامی بەگوێی جیهانی ئیسلام.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی فەرمانی کردگار بۆ کۆکردنەوەی موسڵمانان لە زەمان وکاتێکی تایبەتدا بۆ جێ بەجێ کردنی فەریزەی حەججی ، بە هەڵگری ڕەهەندو لایەن و پەیامی سیاسی گرینگی وەک؛
"پێویستی پەیوەندیی دامەزراندن و یەکتربەهێزکردنی موسڵمانان" و"پێشاندانی باڵادەستیی ئۆممەتی ئیسلامی" زانی و فەرمووی: جگە لە لایەنی مەعنەویی حەجج کە زۆر گرینگە، دەبێ ئەو ڕاستیانەو ئامانجە ئیسلامییەکانیش زەق و بەرجەستە بکرێن و بۆ ئەوان پلان دابڕێژرێ و هەنگاو بنرێت.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، "پەیوەندی دامەزراندن لەگەڵ چین و توێژەکانی ئۆممەتی ئیسلامی لە حەججدا"، "گەیاندنی پەیامی شۆڕشی ئیسلامی بە زیارەتکاران و سڕینەوەی شک و دڕدۆنگی و خاڵە تەماوییەکانیان" ، "بوارخۆشکران بۆ دامەزراندن ویان بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گشت وڵاتانی ئیسلامی" و "پێکەوەژیانی برادەرانە لەگەڵ هۆز و فیرقەئیسلامییەکان"ی لە وێنەی پەیامە سیاسییەکان و پێویست بۆ جیهانی ئیسلام لە ڕۆژانی بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی حەجج زانی و فەرمووی: پێوستە حەجج بۆ کۆماری ئیسلامی ئابڕو بخولقێنێ، بۆیە نابێ لایەنە سیاسییەکانی حەجج فرامۆش بکرێن و حەججی ئیبراهیمی واتە حەججی پاش شۆڕشی ئیسلامی جیاوازە لە حەججی پێش شۆڕش و حەججی وڵاتانێک کە هیچ بۆن و بەرامەیەکی بنەما ئیسلامییەکان و شۆڕشی ئیسلامییان پێوە دیار نییە.
بەڕێزیان بەئاماژە بە تەگەرە نانەوەکانی حکومەتی سەعودی لە بەردەم بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی دوعای کومەیل، فەرمووی: پێویستە بەهەوڵدان و دەسپێشخەریی بەسەر ئەو کەندو کۆسپ و خەسارانەدا تێپەڕین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها بەتوندی ڕەخنەی گرت لە وێران کرانی بەربڵاوی شوێنەوارە ئیسلامییەکانی وەک، شوێنەواری هاوپێوەند بە پێغەمبەری نازداری ئیسلام(د.خ)، ئەمیری موئمینان(ع) ، خەلیفەکان و خەباتکارانی سەرەتای ئیسلام بەبیانووی گەشەپێدانی حەجج و فەرمووی: لەکاتێکدا کە وڵاتانی جۆربەجۆر بەوردیی شوێنەوارە مێژووییەکانیان دەپارێزن و تەنانەت جارناجارێک بۆ دەوڵەمەند پێشاندانی مێژوو و ڕابردوویان، دەست دەدنە دروست کردنی شوێنەوارگەلی ساختە، تائێستا شوێنەواری ئیسلامی زۆر لە مەککەو مەدینە وێران کراون ولەبەین براون.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ڕێکخراوی حەجج و زیارەتی ئێران و دەزگە پەیوەندیدارەکانی ئەرکمەند کرد بە ئەنجامدانی هەوڵ و ماندووبوون، دەسپێشخەریی و پەیوەندی گرتن بە بەرپرسانی حەجج لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بۆ پێش گرتن بە لەناوبرانی پاشماوەی ئاسەوارە ئیسلامییەکان.