ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: عەرەبستان دەبێ لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکرێ
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بەئاماژە بە تاوانکارییەکانی عەرەبستان، جەختی کرد لەسەر پێویستیی دەرکرانی ئەو وڵاتە لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی سەرلەئێوارەی یەکشەممە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە توئیتەر نووسی: عەرەبستان، پێشێلکەری مافی مرۆڤ لە یەمەن، بەحرەین و هۆکاری کوژرانی "جەمال خاشقچی" رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری عەرەبستانییە، کەوایە دەبێ لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکرێ.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێ لەبەر پرسی "جەمال خاشقچی" و داکۆکی لە سیاسەتی تیرۆریستانەی عەرەبستان، وەڵامی جیهانیان بداتەوە.
جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری ئالی سەعوود، دووی ئۆکتۆبر پاش چوون بۆ کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەمووڵ بێ سەروشوێن بوو و زۆرێ لە سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، ناوبراو بەدەست کەسانی سەر بەرژیمی ئالی سەعوود کوژراوە.