رۆحانی : کوژرانی خاشقچی، تاقیکاریەکی گەورەیە بۆ جاڕدەرانی مافی مرۆڤ
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای شیکردنەوەی کوژرانی "جەمال خاشقچی" رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری رژیمی سەعوودی، هەڵوێست گرتنی وڵاتانی جیهان لەدژ ناوبراوی بە تاقیکاری و ئەزموونێکی مەزن زانی بۆ جاڕدەرانی مافی مرۆڤ بەتایبەت لە ئەمریکاو ئوروپا.
"حەسەن ڕۆحانی " سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆڕی ئەنجومەنی وەزیران، کوژرانی جەمال خاشقچی بە ڕووداوێکی دڵتەزێن لێکدایەوەو وتی: بێ داکۆکیی ئەمریکا ، هیچ وڵاتێک ناوێرێ تاوانی لەو چەشنە ئەنجام بدات.
رۆحانی وتی: ئەنجامدانی تاوانی لەو چەشنە واپێشان ئەدات کە جۆرەبیرکردنەوەیەکی هەڵە چلۆن دەتوانێ لادان بەدی بێنێ و ئەوە هەمان شێوە بیرکردنەوەیە کە گرووپە ڕەشەکوژەکانی وەک داعش لە ناوچەدا بەدییان هێناوە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕاسپاردنی حکومەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانەو بەوردیی لەمەڕ کوژرانی خاشقچی هیوای خواست: وڵاتان و نەتەوەکانی جیهان، ڕاستییەکانی بەردەم باشتر هەست پێ بکەن و ئەوە دەرفەتێکە هەتا ستەم لێکراویی خەڵکی یەمەن، ئێراق، سوریاو ئەفغانستان کە بە پارەکەی تاوانکاران لەگوشاردان، ڕوونتر بێتەوە.
رۆحانی هەروەها بەئاماژە بە پەلاماری عەرەبستان بۆسەر یەمەن وداکۆکیی ئەمریکا لە ئالی سەعوود لەبەر ئەو هێرشە، وتی: ئەوە لەحاڵێکدایە کە گەلی یەمەن چەندین ساڵە بۆردومان دەکرێ، بەڵام جیهان لەهەمبەریدا بێ دەنگەی کردووە.
سەرۆکی کۆمار ئیسلامیی ئێران ئاماژەشی کردە بایکۆتەکانی ئەمریکا لەدژ ئێران و وتی: گەلی مەزنی ئێران هەردەم سەرکەوتوو بووەو بێگومان لەو بارودۆخەشدا سەرکەوتوو دەبێ.
رۆحانی هەروەها بەپێداگری لەسەر گرینگیی ڕێپێوانی مەزنی ئەربەعینی حوسێنی(ع)، سوپاسی گەل و حکومەتی ئێراقی کرد لەبەر پێشوازیی، هاوکاریی و میوانداریی دۆستانەیان لە زیارەتکارانی ئەربەعینی حوسێنی(ع).