تشرینی دووه‌م 19, 2018 15:55 Asia/Tehran
  • قاسمی : ئوروپا هەرچی خێراتر بەڵێنیەکانیان لەهەمبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێ بەجێ بکەن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئوروپا هەرچی خێراتر بەڵێنیەکانی سەبارەت بە میکانیزمی دراڤی بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە، جێ بەجێ بکات.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پەیامنێڕانی ناوخۆیی و دەرەوەیی، وتی: وڵاتانی ماوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێبەندن لەحاند جێ بەجێ کردنی بەڵێنییەکانیان لەهەمبەر ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بۆیە ئێران ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە هەرچی خێراتر میکانیزمە پێویستەکان ئامادە بکات.

قاسمی بەڕەخنەگرتن لە ڕەوتی ناخێراو هێدی وڵاتانی ئوروپایی لە جێ بەجێ کردنی میکانیزمی دراڤی وتی: ئەگەر لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناتوانن پێبەند بە بەڵێنیەکانیان بمێننەوە، ئێرانیش لە ئامرازەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ و چاوەڕوانی هیچ وڵاتێک نامێنێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی داگرت: کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی توانا، ئیمکانات و پتانسێل و هێزە جەماوەری و خۆماڵییەکان دەخاتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانج و ڕێکارە ئابوورییەکانی.

قاسمی لەبارەی میکانیزمی دراڤیی نێوان ئێران و ڕووسیاو ئەگەری پەیوەست بوونی وڵاتانی دیکەش، وتی: ئێران لەگەڵ ڕووسیا وەک هاوبەشێکی گرینگ، لەگەڵ چین و گشت وڵاتان خەریکی ڕاوێژ کردنە.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەروەها لەبارەی ئەو پیلانگێڕییانەی لە وڵاتانی ئوروپایی دژ بە ئێران ئەنجام دەگرێ و تۆمەت پاڵدان و بوختان هەڵبەستن بۆ کۆماری ئیسلامی لەچەند مانگی ڕابردوودا، وتی: ئەو چەشنە تۆمەت و بوختان هەڵبەستنانە لەبنەڕەتڕا هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێرانەوە نییەو کۆماری ئیسلامی ڕەتی دەکاتەوە.

سەرپەیڤ