ساڵحی : سەرکەوتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، تاقیکارییەکە بۆ تاووتوێی پلەوپێگەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی
سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: سەرکەوتن یان شکست هێنانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، تاقیکارییەکی جیددی بۆ تاووتوێی ئێعتباری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی و پەیمانی قەدەغەی بەرهەم هێنان و پەرەی چەکی ناڤۆکی(ئێن تی پی) یە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆبوونەوەی وەزیرانی زانست و تەکنۆلۆژیای ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی لە ڤیەن، بەئاماژە بەوەی کە جیهان لە بارودۆخێکی هەستیاردایە، وتی: چەندلایەن خوازیی لەژێر پەلاماری جیددی ئەمریکا دایە و وەها هێرشێک لەدوو ساڵی رابردوودا لەژ هەوڵی چەند لایەنەو پرەنسیپ و ڕێسا ناسراوە جیهانییەکان، مەترسیدارە.
ساڵحی بەخستنەڕووی پێشنیاری دروست کرانی تۆڕێکی هاوکاری و هاوبەشکردنی دەیتاو زانیارییەکان لەژێرچاودێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا، وتی: ئەو تۆڕە دەتوانێ وەک ئامرازێکی شیاو بۆ هێنانەدی پێداویستیی وڵاتانی ئەندام لەڕێی پەرەپێدانی هاوکاریی ناڤۆکی لەبواری جیاجیادا گرینگ بێ.
سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بەئاماژە بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێپەڕین لە سووتەمەنی ژیماکی بۆ سووتەمەنی پاک، وتی : ئەو ڕەوتەی پێشکەوتن کە ئێران تائێستا لەبواری زانست وتەکنۆلۆژیای ناڤۆکی بڕیویەتی، دەتوانێ لەساڵانی داهاتوودا مزگێنی بەخشی پێشکەوتنی گرینگ بێ.
ساڵحی هەروەها ئامادەیی ئێران بۆ گواستنەوەی ئەزموون و دەسکەوتەکانی لەبواری وزەی ناڤۆکی بۆ گشت وڵاتانی ئەندام، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ ڕاگەیاند.
کۆبوونەوەی سێ رۆژەی وەزیرانی زانست و تەکنۆلۆژیای ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڤیەن دەستی پێ کرد.